رووداو دیجیتاڵ
بەشێکی زۆری کارەکانی دروستکردنی شاری ئووری گەشتیاری لە پارێزگای زیقار تەواوکراون. بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارە گەشتیارییەکە دەڵێت، شارەکە لەسەر رووبەری 433 دۆنم دروست دەکرێتەوە و دواتر 400 دۆنمی دیکەشی بۆ زیاد دەکرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 17ی ئەیلوولی 2025، ماجد سەفاح، بەڕێوەبەری راگەیاندنی شاری ئووری گەشتیاری بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دوای سەردانی قەداسەتی پاپا بۆ زەقوورەی ئوور و ماڵی پێغەمبەر ئیبراهیم، بڕیاردرا شارێکی گەشتیاری لە نزیک شوێنەوارە مێژووییەکاندا دروست بکرێت."
ماجد سەفاح گوتی، "دوای هاوئاهەنگی لەگەڵ سندووقی ئاوەدانکردنەوەی زیقار و ئەمینداریەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، رەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی رووبەری 433 دۆنم درا و کۆمپانیایەکی نێوخۆیی دەستی بە کارەکانی ژێرخانی شارەکە کردووە، کە بریتین لە ئاوەڕۆ و بۆریی ئاو و پەرژینی شارەکە."
بە گوتەی ماجد سەفاح، کۆمپانیایەکی دیکەی نێوخۆیی ئەرکی دروستکردنی هۆڵێکی شانۆیی کراوەی پێسپێدرا، کە 1700 کورسی لەخۆ دەگرێت و هۆڵێکی دیکەی شانۆیی داخراوی 800 کورسیشی دروست کرد، هەردوو هۆڵەکەش تەواو کراون. هەمان کۆمپانیا پڕۆژەی شاری دراما و مۆزەخانەی جیهانیی ئووری وەرگرتووە و 70٪ی کارەکانی تەواوکراون.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شاری ئووری گەشتیاری راشیگەیاند، بەشی شارەوانی، ناوەندی ئەمنی، ناوەندی بەرگریی شارستانی، ناوەندی تەندروستی و بارەگای ئیدارەی شارە گەشتیارییەکە تەواوکراون. لە مانگی رابردووشدا لەلایەن محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە، بەردی بناخەی مزگەوتێک و هۆتێلێکی 7 ئەستێرەیی لە شارەکەدا دانراوە. لەلایەن کریستیانێکی زیقاریشەوە، کەنیسەیەک لە شارەکەدا دروست کراوە.
ماجد سەفاح ئاماژەی بە وردەکارییەکانی دیکەی پرۆژەکە دا و گوتی: "شەقامەکانی شارەکە قیرتاو کراون و رووناکییان بۆ دانراوە، چێشتخانەی شارەکەش بە شێوازێکی مۆدێرن دروستکراوە، کە بە شەو و رۆژ کراوەیە و چێشتخانەیەکی دیکەشی تێدایە کە تایبەتە بە خواردنی خێرا."
شاری ئووری گەشتیاری نزیکەی بیست کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای زیقارەوە دوورە و دەکەوێتە نزیک فڕۆکەخانەی ناسریە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارە گەشتیارییەکە گوتی، "ئامانجی سەرەکی لە دروستکردنی شارەکە، دابینکردنی شوێنێکی شایستەیە بۆ گەشتیارانی نێوخۆیی و بیانی ناساندنی شارستانیی ئوور پێیان، جگە لەوەی ئامانجێکی ئابووریشی لە پشتە کە راکێشانی گەشتیاران و رەخساندنی هەلی کارە لە نێو شارەکەدا بۆ گەنجانی پارێزگاکە."
وەک ماجد سەفاح دەڵێت، لە کۆتاییەکانی 2026 شارەکە بە فەرمی دەکرێتەوە، بڕیاریشە نزیکەی 400 دۆنمی دیکە بۆ رووبەری شارەکە زیاد بکرێت.
ئوور شارێکی کۆنی بەنێوبانگی سۆمەرییەکان بوو، ئێستا شوێنەوارەکەی بەناوی تل مەقیر ناسراوە لە عێراق، کە 16 کیلۆمەتر لە خوار شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقارەوەیە.
شوێنەوارە دێرینەکانی ئوور، لە 2016-7-17 خراونەتە لیستی کەلەپووری جیهانییەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ