دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ سێیەم جار لەسەریەک دواخرا

17-09-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ بۆ سێیەم جار لەسەر یەک، پەرلەمانی عێراق لەبەر تەواونەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، دانیشتنی دواخست.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "یەکێک لە هۆکارەکانی ئامادەنەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتارەکان ئەوەیە، زۆرجار پەرلەمان وادەی دانیشتنەکان لەنێو هەفتەی کاروباری پارێزگاکان دادەنێت، لەکاتێکدا پەرلەمان مانگانە هەفتەی دانیشتنی هەیە."
 
دارا سێکانیانی گوتی، "بەشێکی پەرلەمانتاران خەریکی بانگەشەن و بەشێکیشیان چوونەتەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان."
 
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "ژمارەیەکی زۆر پڕۆژەیاسا هەن، کە خوێندنەوەی یەکەم و دووەمیان بۆ کراوە و تەنیا دەنگدانیان ماوە، هەلێکی باشە پێش تەواوبوونی تەمەنی ئەم خولە، دەنگ لەسەر ئەو پڕۆژەیاسایانە بدرێت."
 
بڕیاربوو دانیشتنەکانی پەرلەمان رۆژی شەممە، سێشەممە و ئەمڕۆ چوارشەممە بکرێن، بەڵام هەر سێ جارەکە لەبەر نەبوونی رێژەی یاسایی پەرلەمانتاران، دانیشتنەکان دواخران.
 
لەلایەکی دیکەوە، عارف حەمامی، پەرلەمانتاری عێراق بە رووداوی گوت، "هەندێک هێزی سیاسی رێگرییان لە پەرلەمانتارەکانیان کردووە ئامادەی دانیشتنەکان بن و بەشداری بکەن، وەکو ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە تێپەڕاندنی یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی رژێمی پێشوو، ئەمەش بووەتە هۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی". گوتیشی: "ناکۆکی و کێشە سیاسییەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییان دەبێت".
 
ئەو پڕۆژە یاسایانەی بڕیاربوو پەرلەمان لەم هەفتەیەدا دەنگیان لەسەر بدات ئەمانە بوون: 
 
- پڕۆژەیاسای هەمواری سێیەمی یاسای قەرەبووکردنەوەی ئەو کەسانەی بەشێک لە جەستەیان بەهۆی کردەوەکانی رژێمی پێشووەوە لەدەستداوە.
 
- پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای دەستەی نیشتمانیی چاودێریی تیشکی ئەتۆمی و بایۆلۆجی.
 
- پڕۆژەیاسای رێکخستنی وزەی نوێبووەوە.
 
- پڕۆژەیاسای هەموارکردنەوەی یاسای تەندروستیی دەروونی.
 
- پڕۆژەیاسای پەسندکردنی رێککەوتننامەی هاوکاریی ئەمنی لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی سعودیە.
 
- پڕۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی بۆ کەرتی تایبەت و تێکەڵ.
 
- پڕۆژەیاسای هەمواری یەکەمی یاسای بەرگریی شارستانی.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە