پارێزگاری نەینەوا: ناوم لە لیستی لێپرسینەوە و دادپەروەری لابرا

17-10-2023
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارێزگاری نەینەوا دەڵێت، ناوی لە لیستی لێپرسینەوە و دادپەروەری لابراوە و ئەوەش واتای ئەوەیە، دەتوانێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر بێت.
 
نەجم جبووری، پارێزگاری نەینەوا رۆژی سێشەممە، 17-10-2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ناوم لە لیستی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری لابراوە".
 
هەر لەو بارەوە ئەحمەد جبووری، نوێنەری پارێزگای نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق کە نزیکە لە نەجم جبووری، ئەمڕۆ رۆژی سێشەممە 17-10-2023  لە پۆستێکدا لە فەیسبووکی تایبەتی خۆی وێنەیەکی خۆی و نەجم جبووری بڵاوکردەوە و دەڵێت، "ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ناوی هەریەکە لە نەجم جبووری و حەمەد نامس جبووری لە رێکارەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەری دەرهێنا". 
 
رۆژی 25- 09-2023، دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق نووسراوی بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد و لیستێکی هاوپێچ کردبوو کە لە 150 کەس پێکهاتبوو و ئاماژە بەوە کرابوو، ئەو کەسانە پێشتر بەعسی بوون و لەسەر ئەو بنچینەیەش مافی ئەوەیان نییە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەربژێر بن.
 
نەجم عەبدوڵڵا عەبد ساڵح جبووری، پارێزگای نەینەوا یەکێک بوو لەوانەی ناوی لە لیستەکەدا هەبوو کە خۆی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بەربژێر کردووە کە بڕیارە 18-12-2023 بەڕێوەبچێت. 
 
دوای ئەوەی نەجم جبووری تانەی لە بڕیارەکەی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەریی عێراق دا، رۆژی 11-10-2023 دادگەی پێداچوونەوەی فیدراڵی عێراق کۆبووەوە و  تانەکەی جبووری رەتکردەوە و بڕیارەکەی دەستەی باڵای نیشتمانیی لێپرسینەوە و دادپەروەری پەسند کرد.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە