ئامۆزا نوجێفییەکان لە نێوان دوو لیستی رکابەری نەینەوا دابەش دەبن

17-10-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کوڕی ئەسیل نوجێفی، پارێزگاری پێشووی نەینەوا و کوڕی ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لەو پارێزگایە بەربژێرن. ئەو دوو ئامۆزایە بەسەر دوو لیستی سوننەی رکابەردا دابەش بوون، یەکێکیان سەرلیست و ئەوى دیکەیان ریزبەندى کۆتایی بەربژێرانى لیستەکەیەتى.
 
سینان ئوسامە نوجێفی، کوڕی سەرۆکی پێشووترى پەرلەمانی عێراق، سەرلیستی هاوپەیمانیی عەزمی عێراقە لە سنووری نەینەوا. ئەو هاوپەیمانییە موسەننا سامەڕائی سەرۆکایەتی دەکات.
 
ئوسامە نوجێفی، باوکی ئەو بەربژێرە، لەنێوان ساڵانی 2010 بۆ 2014 سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بوو، لە 2015 بووە جێگری سەرۆککۆماری عێراق لە پشکی سوننەکان.
 
ئامۆزایەکی سینان نوجێفی لە لیستێکی دیکەی سوننەکان بەربژێرە کە عەبدوڵڵا ئەسیل نوجێفییە و بەربژێری کۆتایی ریزبەندی 63ی لیستی سەروەرییە کە لەلایەن خەمیس خەنجەر-ەوە سەرۆکایەتیی دەکرێت.
 
ئەسیل نوجێفی لەنێوان ساڵانی 2009 تاوەکو 2015 پارێزگاری نەینەوا بوو لە لیستی حەدبا کە لیستێکی سوننەیە.
 
هەر یەک لە لیستەکانی سەروەرى و عەزمی عێراق دوو رکابەرى سەرەکین لە سنووری نەینەوا بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەم ئەنجام بدرێت.
 
پشکی نەینەوا لە پەرلەمانی عێراق 34 کورسییە کە دووەم زۆرترین کورسی هەیە لەسەر ئاستی عێراق. سێ لەو کورسییانە کۆتای پێکهاتەکانی کریستیان، ئێزدی و شەبەک پێکدێن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە