کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن: حەلبووسی لە سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم دوورنەخراوەتەوە

17-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتیکردەوە هیچ بڕیارێک لە کۆمیسیۆنەوە لەبارەی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدووم، لە سەرۆکی لیستی هاوپەیمانیی تەقەدوومی نیشتمانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەرچووبێت.
 
رۆژی هەینی 17-11-2023، هێمان تەحسین، بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "محەممەد حەلبووسی نە لە سەرۆکایەتیی حیزب، نە لە سەرۆکایەتیی هاوپەیمانیی تەقەدووم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوورنەخراوەتەوە، ئەوەی هەیە تەنیا دادگەی فیدراڵی لە ئەندامێتی پەرلەمان دووریخستووەتەوە، بۆیە ئێمە چاوەڕوانین بڕیارەکەی دادگەمان پێبگات و وردەکارییەکەیمان بۆ روونبکاتەوە."
 
رۆژی هەینی، 17-11-2023، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەسەر زاری سەرۆکەکەیەوە هەواڵی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوومی رەتکردەوە و لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرایکرد: "سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد رەتیدەکاتەوە هیچ بڕیارێک لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە دەرچووبێت بۆ گۆڕینی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی هاوپەیمانیی تەقەدوومی نیشتمانی و ئەو هەواڵانەی لەوبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە راست نین."
 
رۆژی 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە. 
 
محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە." هەروەها گوتی: "پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری."
 
سەرەڕای وەرگرتنەوەی مافی ئەندامێیتیی پەرلەمان لە حەلبووسی، بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنەکەی لە هەواڵ و چالاکییەکانیدا هەر بە "سەرۆکی پەرلەمان" ناوی دەهێنێت. بەڵام جاسم عمێری، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەڵێت، بڕیاری دادگە کۆتاییە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکانی پێوەی پابەند بن.
 
هاوپەیمانیی تەقەدوومی نیشتمانی کە هاوپەیمانییەکی سوننەکانە، یەکێکە لە بەشدارانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق و لە پێنج پارێزگا بەربژێری هەیە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە