زیاتر لە 50 پەرلەمانتار داوا دەکەن سبەی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت

17-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لیستی واژۆی زیاتر لە 50 ئەندامی پەرلەمانی بەدەستگەیشتووە بۆ ئەوەی سبەی شەممە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان بکرێت.
 
ئەمینداری گشتیى پەرلەمانى عێراقیش دەڵێت، "ئەگەر بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق لەبارەی دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی بگاتە پەرلەمان، ئەوا شەممە کۆبوونەوەکە دەکرێت".
 
رۆژی هەینی 17-11-2023، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا کە لە لایەن نووسینگەی موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانەوە بڵاوکراوەتەوە، رایگەیاند، واژۆی 50 پەرلەمانتاریان بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان بەدەستگەیشتووە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەپێی بڕگەی یەکەمی مادەی 58ـی دەستووری عێراق، سەرۆککۆمار یان سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران یان سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران یان 50 ئەندامی پەرلەمان دەتوانن داوا لە ئەنجوومەنی نوێنەران بکەن کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بکات و کۆبوونەوەکەش تایبەت بێت بەو بابەتەی کە پێویستی کردووە داوای کۆبوونەوەی بۆ بکەن".
 
ئەوەش هاتووە، "سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران واژۆی زیاتر لە 50 پەرلەمانتاری بەدەستگەیشتووە بۆ ئەوەی رۆژی شەممە 18-11-2023 کۆبوونەوەی نائاسایی بکرێت بۆ تەواوکردنی ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێریی ئەنجوومەن".
 
رۆژی هەینی 17-11-2023، سەفوان گەرگەرى، ئەمینداری گشتیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "واژۆی زیاتر لە پەنجا پەرلەمانتار گەیشتووەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کە رۆژی شەممە دیاریکراوە، سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان هەڵبژێردرێت، بەڵام هێشتا وردەکاریی بڕیاری دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی لەلایەن دادگەی فیدراڵییەوە نەگەیشتووەتە پەرلەمان. ئەگەر نووسراوەکە بگات، ئەوا کۆبوونەوەی رۆژی شەممە تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان".
 
بەپێی مادەی 55ـی دەستووری عێراق، پەرلەمان سەرۆکەکەی، جێگرانی یەکەم و دووەمی لە یەکەم دانیشتن و بە زۆرینەی رەهای ئەندامانی هەڵدەبژێرێت.
 
هەروەها بەپێی بڕگەی سێیەمی مادەی 12ـی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی عێراق، ئەگەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یان هەریەک لە جێگرانی بەتاڵ بوو، ئەوا ئەنجوومەنی نوێنەران بە زۆرینەی رەها لە یەکەم دانیشتندا بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە جیگرەوەیان هەڵدەبژێرێت.
 
لە دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بۆ دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، شەش ناو بۆ جێگرەوەی حەلبووسی باس دەکرێن کە بریتین لە تەڵاڵ زوبەیعی، مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، سالم عیساوی، موسەننا سامەڕایی و زیاد جەنابی.
 
14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
 
محەممەد حەلبووسی لە یەکەم کاردانەوەدا رایگەیاند، "دادگەی فیدراڵی کۆتایی بە ئەندامێتیم هێناوە؛ ئەوە بڕیارێکی سەیرە؛ سەرم سوڕماوە و نازانم لە کوێوە هاتووە"؛ هەروەها گوتی،"پەنا بۆ رێکاری یاسایی دەبەم بۆ پاراستنی مافی دەستووری".
 
سەرەڕای وەرگرتنەوەی مافی ئەندامێیتیی پەرلەمان لە حەلبووسی، بە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی، بەڵام نووسینگەی راگەیاندنەکەی لە هەواڵ و چالاکییەکانیدا هەر بە "سەرۆکی پەرلەمان" ناوی دەهێنێت. بەڵام جاسم عمێری، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەڵێت، بڕیاری دادگە کۆتاییە و دەبێت هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە