دەستپاکیی عێراق: 51 تۆمەتباری گەندەڵیمان لە دەرەوەی وڵات گەڕاندووەتەوە

17-11-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی دەستپاکیی عێراق دەڵێت، توانیویانە 51 داواکراو بە دۆسیەی گەندەڵی لە دەرەوەی وڵات بگەڕێننەوە. ئاماژە بەوەش دەکات، رێککەوتنێکی ستراتیژییان لەگەڵ "گرووپی سۆفان" واژۆکردووە، بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی گەڕاندنەوەی ئەو پارە و سامانانەی بە قاچاخ براونەتە دەرەوەی عێراق.
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 17-11-2025، عەلی محەممەد، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێککەوتنێکمان لەگەڵ گرووپی سۆفان واژۆکردووە، بەمەبەستی بنیاتنانی هاوبەشییەکی ستراتیژی و بەرزکردنەوەی توانای دامەزراوەیی دەستەکەمان لە بوارەکانی لێکۆڵینەوە و شوێنپێهەڵگرتنی یاسایی، هەروەها بۆ بەهێزکردنی رێکارەکانی گەڕاندنەوەی سامانی بەقاچاخبردراو."
 
عەلی محەممەد گوتی: "رێککەوتنەکە چەندین بڕگە لەخۆدەگرێ لە بوارەکانی شوێنپێهەڵگرتن و گەڕاندنەوەی سامان و داواکراوان، هاوکاریی نێودەوڵەتی و دیپلۆماسی، راهێنان و بنیاتنانی توانا و گواستنەوەی زانیاری؛ هەروەها لێکۆڵینەوەی دارایی و پێشکێشکردنی پشتیوانیی تەکنیکی و یاسایی لە شوێنپێهەڵگرتنی کەسانی داواکراو و گەڕاندنەوەی سامانی بە قاچاخبردراو."
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندن و پەیوەندییە حکومییەکانی دەستەی دەستپاکیی عێراق، لە چەند ساڵی رابردوودا توانیویانە 51 داواکراو بە دۆسیەی گەندەڵی لە دەرەوەی وڵات بگەڕێننەوە کە وەزیر و بەرپرسانی پلەباڵاشیان تێدایە.
 
عەلی محەممەد گوتی: "بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ گرووپی سۆفان کردوومانە، یارمەتیی دەستەی دەستپاکی دەدرێ بۆ دروستکردنی کەناڵی پەیوەندیی راستەوخۆ لەگەڵ دەستە پەیوەندیدارەکان و دەزگاکانی جێبەجێکردنی یاسا لە دەرەوەی عێراق، لەنێویاندا پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپۆڵ)؛ هەروەها بۆ داڕشتنی رێککەوتنی دوولایەنە یان یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێودەوڵەتی بەمەبەستی بەهێزکردنی هاوکارییەکان."
 
گرووپی سۆفان (TSG)، کۆمپانیایەکی راوێژکاریی جیهانییە لە بواری هەواڵگری و ئاسایشدا و بارەگاکەی لە نیویۆرکی ئەمریکایە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە