لە بەغدا کارمەندێک هێرش دەکاتە سەر نەخۆشخانەکەی؛ دوو کەس بریندار دەکات و خۆی دەکوژێت

18-01-2024
نەهرۆ محەممەد
دوو کەس لەکاتێکدا هەوڵیانداوە هێرشبەرەکە رابگرن، بریندار بوون
دوو کەس لەکاتێکدا هەوڵیانداوە هێرشبەرەکە رابگرن، بریندار بوون
نیشانەکردن عێراق
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دوای دروستبوونی دەمەقاڵێ لەنێوان بەرپرسێکی نەخۆشخانەی کازمییە و کارمەندێک، کارمەندەکە بە چەک هەڵدەکوتێتە سەر نەخۆشخانەکە، بەهۆیەوە دوو کەس بریندار دەبن و دوای گەمارۆدانی، خۆی دەکوژێت. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، سێ رۆژ لەمەوبەر، دەمەقاڵێ لەنێوان کارمەندێک و یاریدەدەری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فێرکاریی کازمییە لە بەغدا دروستبووە، دواتر پەرەیسەندووە و ئێوارەی دوێنێ (چوارشەممە، 17-1-2024) کارمەندەکە بە چەکی کڵاشینکۆف چووەتە خانەی پزیشکانی نەخۆشخانەکە، دوو کەس لەکاتێکدا هەوڵیانداوە هێرشبەرەکە رابگرن، بریندار بوون.
 
دواتر هێزە ئەمنییەکان بەمەبەستی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە کەوتوونە دوای و لە خانوویێکی تەواونەکراوەدا گەمارۆیان داوە، بەڵام گوللەیەکی لەسەری خۆی داوە و خۆی کوشتووە. وەزارەتی تەندروستی دەڵێ لێکۆڵینەوەیان لەسەر رووداوەکە دەستپێکردووە.
 
د. سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ (پێنجشەممە 18-01-2024) هەواڵەکەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداوی پێشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، شەوی رابردوو کەسێکی نادیار لە نەخۆشخانەی هەردوو ئیمام کازم تەقەی کردووە، بەهۆیەوە پۆلیسێک و فەرمانبەرێک بریندار بوون، برینی پۆلیسەکە سەختە، دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکان گەمارۆیانداوە، کەسەکە خۆی کوشتوە و، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە دەستیپێکردووە.  

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە