کۆمیسیۆنى هەڵبژاردنەکان: هەموو تانەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان یەکلاییکرانەوە

18-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

دەستەى دادوەرى تایبەت بە تانەى ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق هەموو تانەکانى یەکلایی کردەوە کە 338 تانە بوون.   
 
رۆژی 18ـی کانوونى دووەمى 2024، جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دەستەى دادوەری وەڵامى هەموو تانەکانى بۆ کۆمیسیۆن ناردەوە کە 338 تانە بوون. 
 
جومانە غەلاى گوتیشى، "329 تانەیان تایبەت بوون بە ئەنجامى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان و نۆ تانەکەى دیکەش تایبەت بوون بە سزادانى پێبژاردنى بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە بڕیارى لێدراوە دژى ئەو بەربژێرانە. کۆمیسیۆن دەست بە جێبەجێکردنى ئەرکی خۆی بۆ جێبەجێکردنى ئەو بڕیارە دەکات." 
 
رۆژی 28ـی کانوونى یەکەمى 2023، کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئەنجامى کۆتایی هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى راگەیاند. لە 29ـی کانوونى یەکەمەوە بۆ سێ رۆژ دەرگاى تانەدان لەو ئەنجامە کرایەوە.
 
بەگوێرەى رێوشوێنەکانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، ئەنجامى تانەکان لە ماڵپەڕى کۆمیسیۆن بڵاودەکرێتەوە.
 
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانی عێراق دوای 10 ساڵ و لە کەرکووکیش دوای 18 ساڵ کرا.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە