رووداو دیجیتاڵ
دەستەى دەستپاکیى عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرى پێشووى کۆمپانیایەکى وەزارەتى گواستنەوەیان راپێچى دادگە کردووە بە تۆمەتى بەهەدەردانى پارە کە گوایە کۆمپانیاکەیان بە 19 ملیار دینار داهاتەوە رادەستکردووە، بەڵام کۆمپانیاکەى خستووەتە ژێر قەرزى 23 ملیار دینارەوە.
18ی شوباتی2024، دەستەى دەستپاکیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەى بەوە داوە کە دادگەى لێکۆڵینەوەى رەسافەى بەغدا کە تایبەتە بە دۆسییەکانى دەستپاکى، بڕیاریداوە بەڕێوەبەرى گشتیى پێشووى کۆمپانیاى گشتیى کارگێڕى گواستنەوەى تایبەت بانگ بکات بۆ دادگەکە بە تۆمەتى بەهەردەدانى "بە ئەنقەستى" پارەى گشى.
دەستەکە ئاماژەى بەوەداوە کە کاتێک کۆمپانیاکە رادەستى ئەو تۆمەتبارە کراوە، کۆمپانیاکە قازانجویست بووە و 19 ملیار دینارى هەبووە، بەڵام لەدواى دەستبەکاربوونى ئەو کەسە کۆمپانیاکە تووشی زیان بووە و بڕى قەرزەکانى گەیشتووەتە 23 ملیار دینار.
کۆمپانیاى گشتیى کارگێڕیى گواستنەوەى تایبەت، سەر بە وەزارەتى گواستنەوەى عێراقە، لە سەرجەم پارێزگاکان نووسینگەى هەیە و ئەرکى سەرپەرشتیکردنى کۆمپانیاکانى گواستنەوە و رێکخستنى کارەکانیانە.
دەستەى دەستپاکى ئاماژەى بەوەداوە، بەڕێوەبەرى پێشووى ئەو کۆمپانیایە، پڕۆژەکانى سەر بە کۆمپانیاکەى بەش بەش کردووە و پارەى بۆ ئەو پڕۆژانە خەرج کردووە کە پێشتر جێبەجێی کردوون و رادەستکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ