راپرسییەک: 20.98%ـى هاووڵاتییانى عێراق هیچ چاوەڕوانییەکیان لە حکومەتە خۆجێییەکان نییە

18-03-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە راپرسییەکی حکومەتی عێراقدا دەرکەوتووە، کە 37%ـى هاووڵاتییان داواى خزمەتگوزاریى تەندروستی، ئاو و خوێندن لە دەسەڵاتی خۆجێیی پارێزگاکان دەکەن و کەمترین داواکاریش لەسەر فەراهەمکردنى ئاسایشە کە 5%ـە.
 
هەر بە گوێرەی راپرسییەکەی تیمى راى گشتى لە دەستەى راوێژکارانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، زۆرترین داواکاری بۆ فەراهەمکردنى دەرفەتى کار لە کەرکووکە، لە کاتێکدا سەڵاحەدین بێ هیواترین و بەسرە گەشبینترینن لەوەى ئەو حکومەتە خۆجێییانە دەتوانن پێشکێشى بکەن.
 
راپرسییەکە لە 15 پارێزگا ئەنجام دراوە لەبارەى ئەوەى هاووڵاتی چی لە حکومەتى خۆجێیی چاوەڕوان دەکات. 
 
لە راپرسییەکەدا 19 هەزار و 433 کەس لە 15 پارێزگاکە بەشدارییان کردووە و تێیدا دەردەکەوێت کە 37.88%ـى بەشداربووان داواى خزمەتگوزارییەکانی تەندروستى، ئاو، خوێندن دەکەن و کەمترین داواکاریش بۆ فەراهەمکردنى ئاسایشە کە 5.99%ـى بەشدارانى ئەو راپرسیەیە.
 
%35.14ـى بەشداربووانى راپرسییەکە داواى دەرفەتى کار و پاڵپشتى وەبەرهێنانیان کردووە، لەکاتێکدا 20.98% ئاماژەیان بەوەداوە کە چاوەڕوانى هیچ دەستکەوتێک لە حکومەتە خۆجێییەکان ناکەن.
 
18ـی کانوونى یەکەمى 2023، دوای 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق کرا و تاوەکو ئێستا حکومەتى جۆجێیی دیالە و کەرکووک بەهۆى رێکنەکەوتن لەسەر پۆستى پارێزگار پێکهێنەهێندراون.
 
لە بابەتی فەراهەمکردنى ئاسایشدا زۆرترین داواکارى لە پارێزگاى میسان بووە، کە 22.22%ـی بەشداربووانى راپرسییەکە لەو پارێزگایە داوای دەستەبەرکردنى ئاسایشیان کردووە، لەکاتێکدا تەنیا 2.74%ـی بەشدارانى راپرسییەکە لە پارێزگاى واست وەک کەمترین رێژە داواى ئاسایشیان لە حکومەتی خۆجێیی کردووە. 
 
کەرکووک لە ریزبەندى یەکەمى خواستى هاووڵاتییان دێت بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان و رەخساندنی دەرفەتى کار کە 44.95%ـی بەشدارانى راپرسییەکە داوایان کردووە، لەکاتێکدا دیوانییە لە ریزبەندی دوایین کەمترین خواستی هاووڵاتییان بۆ دەرفەرتى کار و پاڵپشتى وەبەرهێنان بە رێژەى 28.84% بەشداربووان دێت.
 
لە پرسى داواکاریى خزمەتگوزارییەکانى تەندروستى، خوێندن، ئاودا بەشدارانى راپرسییەکە لە بەغدا لەریزبەندى یەکەمدان و 43.34%ـی بەشداربووانى ئەو راپرسییە بەو ئاراستەیە بووە، لەکاتێکدا کەمترین رێژەى داواکارى خزمەتگوزارى لە میسان بووە بە رێژەی 25.17% ـى بەشداربووانى راپرسییەکە.
 
"بێ هیواترین" بەشداربووانى راپرسیەکە لە حکومەتە خۆجێییەکان لە پارێزگاى سەلاحەدین بووە کە 35%ـى بەشداربووانى راپرسییەکە لەو پارێزگایەدا چاوەڕوانى هیچ دەستکەوتێک لە حکومەتى خۆجێیی نین؛ گەشبینترین بەشدارانى راپرسییەکەش لە حکومەتى خۆجێیی بریتییە لە پارێزگاى بەسرە کە تەنیا 10.40% یان هیچ چاوەڕوانییەکیان لێی نییە.
 
تیمى راى گشتى ژمارەیەک لە پسپۆڕان و کەسانی ئەکادیمی تێیدا ئەندامە کە سەر بە دەستەى راوێژکارى سەرۆکوەزیرانن و ئەوە پێنجەم راپۆرت و راپرسییە کە لە ساڵى 2023ـەوە ئەنجامی دەدات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گواستنەوەی چەکدارانی داعش بە یاوەری سەربازانی ئەمریکا. وێنەکە AFP

رووداو لیستی ئەو چەکدارانەی داعش بڵاودەکاتەوە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە

تۆڕی میدیایی رووداو لە رێگەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی عێراقەوە ژمارەی ئەو چەکدارانەی پێشووی داعشی دەستکەوتووە کە لە سووریاوە بۆ عێراق گوێزراونەتەوە و ئێستا لە زیندانی کەرخ لە بەغدا دەستبەسەرن. چەکدارەکان هەڵگری وڵاتینامەی چەندین وڵاتن.