رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق فەرمانی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە خێرا بکەن؛ ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ پاڵپشتیکردنی ئابووریی وڵات دوای پەککەوتنی هەناردەی باشوور بەهۆی جەنگەوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، حیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتی عێراق، سەرپەرشتی کۆبوونەوەی "شانەی قەیرانەکان"ی کرد. بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەت، وەزیری نەوت رێنمایی داوە کە رێکارەکانی هەناردەکردنی نەوت، چ لە رێگەی بۆری و چ بە تانکەر، خێرا بکرێن بۆ ئەوەی زۆرترین داهات بۆ گەنجینەی دەوڵەت دابین بکرێت.
کاژێر 06:30ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوای نزیکەی سێ ساڵ راوەستان، یەکەمین بڕی نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا کرا.
باسم محەممەد خزەیر، بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری دەرهێنان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، توانیمان هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی سیستمی باکوورەوە دەستپێبکەینەوە." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئێستا بڕی 170 هەزار بەرمیل رەوانە دەکرێت و لە رۆژانی داهاتوودا دەگاتە 250 هەزار بەرمیل.
هاوکات، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی راگەیاند، کارپێکردنی وێستگەی "سارالو" بۆ ناردنی نەوت بەرەو وێستگەی پێشابوور دەستیپێکردووە و ئامانجیانە بڕی هەناردەکردنەکە بگەیێننە 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.
لەبارەی هاوئاهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا، باڕۆژ عەزیز، نوێنەری وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێمە لێرەین بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان. بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەغدا توانیمان ئەم پڕۆسەیە سەرکەوتووانە ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی باری دارایی وڵات ببوژێتەوە."
بەهۆی جەنگی نێوان ئێران و ئیسرائیل/ئەمریکا، هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەرەکانی باشوور و تەنگەی هورمزەوە پەکیکەوتووە. ئەمەش مەترسییەکی گەورەی بۆ سەر بودجەی عێراق دروستکردووە کە 92٪ی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ