رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی دەرەوەی عێراق گەڕانەوەی چوارەمین کاروانی ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی راگەیاند، کە لە هیندستان گیریان خواردبوو. راشیگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە 600 کەس لە هیندستان و میسرەوە گەڕێندراونەتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڵاویکردەوە: "پرۆسەی گەڕاندنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردووە بەردەوامە. لە چوارچێوەی پلانی حکومەتدا، چوارەمین کاروانی هاووڵاتییان لە کۆماری هیندستانەوە گەڕێندرانەوە."
بەپێی راگەیێندراوەکە، تاوەکو ئێستا 6 گەشت بۆ گەڕاندنەوەی عێراقییەکان رێکخراون، چوار گەشتیان لە نیودەلهی و دوو گەشتیشیان لە قاهیرەوە بووە. کاروانەکەی ئەمڕۆ گەیشتووەتە دەروازەی سنووریی عەرعەر لە سعودیە، ئەوەش وەک ئامادەکارییەک بۆ گواستنەوەیان بە رێگەی وشکانی بۆ نێو خاکی عێراق.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆی گشتیی ئەو عێراقییانەی لەو شەش کاروانەدا بوون، ژمارەیان 657 کەسە."
وەزارەتی دەرەوە رایگەیاندووە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە هەوڵەکانی بەردەوام دەبێت تاوەکو گەڕانەوەی دوایین هاووڵاتیی عێراقی کە ئارەزووی گەڕانەوەی هەبێت.
بەهۆی لێکەوتەکانی جەنگەوە، عێراق لە 28ـی شوباتەوە ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی گەشتەکاندا داخستووە و ئێستا گەڕانەوەی هاووڵاتییان تەنیا لە رێگەی وشکانی و لە وڵاتانی دراوسێوە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ