گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق: هێرشەکان بێ بەدواداچوونی یاسایی تێناپەڕن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا پەیامی دڵنیایی لەبارەی دۆخی ئەمنیی پایتەختی عێراق دەدەن و ئاماژە بەوەش دەکەن، عێراق مافی یاسایی خۆی بەرامبەر ئەو هێرشانە دەپارێزێ کە دەکرێنە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی.
 
رۆژی چوارشەممە 18ی ئاداری 2026، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "هێزە ئەمنییەکان پلانی پێشوەختەیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەموو ئاڵنگارییەکان هەیە."
 
سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر هەندێک لە یەکە سەربازییەکانی حەشدی شەعبی، "بێ بەدواداچوونی یاسایی تێناپەڕن"، چونکە حەشدی شەعبی دامەزراوەیەکی ئەمنیی فەرمییە و لەژێر فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە.
 
سەباح نوعمان گوتی، پەیامی عێراق لەم قۆناخەدا "دوورخستنەوەی وڵات و ناوچەکەیە لە ململانێ و شەڕ."
 
هاوکات فەریق روکن وەلید خەلیفە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و نێردە دیپلۆماسییەکان و رایگەیاند، "دۆخی ئەمنیی بەغدا پارێزراوە."
 
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا گوتی، هێزە سەربازییەکانیان لە هەموو ناوچەکان بڵاوەیان پێکراوە و رێکاری تووندیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی باڵیۆزخانەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە پایتەخت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە