ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: لە چوار گرتووخانەدا دەست بەسەر 849 مۆبایلدا گیرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق زنجیرەیەک رێکاری نوێی بۆ پاراستنی زیندانەکان و رێگەگرتن لە هاندانی رای گشتی راگەیاند، ئاماژە بەوەش دەکات کە دەستیان بەسەر سەتان مۆبایلدا لەنێو زیندانەکاندا گرتووە.
 
رۆژی چوارشەممە، 18ی ئاداری 2026، ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، بەهۆی پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، رێکارەکانی پاراستنی زیندانەکان و بەرەنگاربوونەوەی پشێوی تووندتر کراون.
 
گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی بەوە کرد، لە کاتی پشکنین و بەدواداچوونەکانیان بۆ دامەزراوەکانی چاکسازی، توانراوە دەست بەسەر 849 مۆبایل و سیمکارت دا بگیرێت کە لەنێو زیندانەکاندا شاردرابوونەوە.
 
ئەو رێکارانە هەریەک لە زیندانەکانی "بابل، ناسریەی ناوەندی، تاجی و کۆمەڵگەی زیندانەکانی بەغدای ناوەندی" گرتووەتەوە. ئەرشەد حاکم دڵنیایی دا کە "دۆخی زیندانەکان جێگیرە و لەژێر چاودێرییەکی تونددایە."
 
سەبارەت بە هاندانی رای گشتی و بڵاوکردنەوەی گوتاری تائیفی، گوتەبێژی دەزگاکە رایگەیاند، هەشت تۆمەتباریان دەستگیرکردووە کە یەکێکیان بیانییە و گوتی: "ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە هاندانی خەڵک بۆ پشێوی و سووکایەتیکردن بە دەزگا ئەمنییەکان."
 
لە بەشێکی دیکەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، ئەرشەد حاکم تیشکی خستە سەر بواری ئاسایشی سایبەری و رایگەیاند: "رێگری لە 270 هێرشی ئەلیکترۆنی کراوە و هەزار و 43 ئەکاونتی سۆشیاڵ میدیاش داخراون کە هەڕەشە بوون بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی، هەروەها چەندین ماڵپەڕ و پەیج کە گوتاری رق و کینەیان بڵاودەکردەوە، داخراون."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە