رووداو دیجیتاڵ
وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهان.
رۆژی سێشەممە، 17ی ئاداری 2026، حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ رێککەوتن بۆ هەناردەکردنی نەوت لەڕێگەی هەرێمی کوردستانەوە کراوە.
وەزیری نەوتی عێراق گوتی، "سبەی دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە و کاژێر 10:00ی بەیانی هەناردەکردن دەستپێدەکات."
وەزیری نەوت ئاماژەی بەوە کرد، نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆرییەکەوە هەناردە دەکرێت و لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا هەناردەکردن دەگاتە 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە.
هەر لەوبارەیەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە رووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی کە ئەرکی هەموومانە کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا کە لە زووترین کات دا، ڕێگە بدەین نەوت لە رێگەی بۆڕی هەرێمی کوردستاندا بڕوات."
مەسرور بارزانی دەڵێت، "لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیش گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە پەلە ئەو ڕێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن، هەروەها دابینکردنی گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە."
رۆژی یەکشەممە 15ی ئەم مانگە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، داوایان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە رێگە بدات نەوتی کەرکووک لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهان بکرێت، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان رەتی کردووەتەوە و ''مەرجی پێشوەختە''ـی داناوە و دواتریش سامانەسرووشتییەکان رەتیکردەوە.
ئەمشەو بڕیاربوو دانیشتنی پەرلەمانی عێراق لەوبارەیەوە بەڕێوەبچێت، بەڵام رووداو زانیویەتی، پێش دانیشتنەکەی پەرلەمان رێککەوتنەکە کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ