رووداو هەولێر
وەکو کاردانەوە لە بەرامبەر قەدەخەکردنی کۆنسێرت و گۆرانیی کوردی لە باکووری کوردستان و تورکیا، پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) لە دانیشتنی پەرلەماندا بە زمانی کوردی گۆرانی گوت.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 18-5-2022، نورهایات ئاڵتاجا کایشئۆغڵو، پەرلەمانتاری جەهەپە کە خەڵکی دێرسیمی باکووری کوردستانە، کاتێک نۆرەی هات بۆ ئەوەی قسە بکات، کۆپلەیەک گۆرانیی بیانیی گوت و گوتی: "دەتوانین ئەمە بڵێین". دواتریش کۆپلەیەک لە گۆرانیی هەژیرا چیایی چڕی و گوتی: "بەڵام ناتوانین ئەمە بڵێین!"
ئەو کاردانەوەیە دوای ئەوە هات رۆژی یەکشەممە 15ـی ئایاری 2022، شارەوانیی دەرینجە، لە پارێزگای کۆجائەلی کە سەر بە ئاکپارتییە، کۆنسێرتی خانمە هونەرمەندی کورد ئاینور دۆغانی هەڵوەشاندەوە کە بڕیاربوو رۆژی 20ـی ئایار لەو شارۆچکەیە سازبدرێت.
ئاینور دۆغان گۆرانیبێژ و هەڵبەستڤانێکی کوردە و لە باکووری کوردستان، تورکیا و جیهانیش ناسراوە؛ ساڵی 1975 لە شارۆچکەی چەمیشگەزەک لە پارێزگای دێرسمیی باکووری کوردستان لەدایکبووە؛ ساڵانی 2004 و 2005 لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەزارەتی رۆشنبیریی تورکیا لە وڵاتانی ئەوروپا بەشداریکردووە و گۆرانی گوتووە. ساڵی 2021 خەڵاتی هونەرمەندی "پێشانگەی نێودەوڵەتی مۆسیقا-وۆمێکس"ـی وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ