وەزارەتى نەوت گەڕى شەشەمى بەرهەمهێنانى لە 11 کێڵگەى گاز راگەیاند

18-06-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى نەوتى عێراق گەڕى شەشەمى بەرهەمهێنانى گازى لە 11 کێڵگە راگەیاند، کە دەکەونە سنوورى دوو پارێزگاى زۆرینە سوننەى عێراق. 
 
رۆژی 18ى حوزیرانى 2023، وەزارەتى نەوتى عێراق لە راگەیێندراوێکدا گەڕى شەشەمى بۆ بەرهەمهێنانى گازی لەو 11 کێڵگەیە راگەیاند، کە بڕیارە بدرێنە کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ دەرهێنانی گاز. 
 
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق راگەیاند، پەرۆشن بۆ  بەرهەمهێنان لە سامانە هایدرۆکاربۆنییەکاندا کە هاوتەریبى کارنامەى حکومەتە، بەمەبەستى زیادکردنى بەرهەمھێنانى نەوت و گاز و چارەسەرى گازى هاوەڵ بۆ پڕکردنەوەى پێداویستیی نێوخۆیی.
 
عێراق ساڵانە بۆ کارپێکردنى وێستگەکانى بەرهەمهێنانى کارەبا، بایی نزیکەى 10 تریلیۆن دینار گاز هاوردە دەکات، زیانى سووتانى گازى هاوەڵى کێڵگەکانى نەوت لە عێراق ساڵانە دەگاتە چوار ملیار دۆلار.
 
ئەو کێڵگانەى گاز کە بڕیارە لە گەڕى شەشەمى وەبەرهێناندا بدرێنە کۆمپانیاکان، لە هەردوو پارێزگاى ئەنبار و نەینەوان کە زۆرینەى دانیشتووانەکەیان سوننەن.
 
وەزیرى نەوتى عێراق داواى لە کۆمپانیا جیهانییەکان کرد، ئەوانەی دەیانەوێت بەشداربن لەو گەڕەى وبەرهەمێنانى گاز، داواکارییەکانیان پێشکێش بە فەرمانگەى گرێبەستەکانى نەوتى سەر بە وەزارەتەکەى بکەن.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە