دەوڵەتی یاسا داوا دەکات هاوڕەگەزخوازی لە عێراق بەتاوان دابنرێت

18-07-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا داوا دەکات پێنج رەشنووسی و پێشنیازەیاسا پێشکێشی پەرلەمان بکرێن کە یەکێکیان پەیوەندیی بە بەتاوانناساندنی هاوڕەگەزخوازی و یەکێکی دیکەشیان پەیوەندیی بە هێرشکردنە سەر بارەگاکانی حکومەت و حیزبەکانەوە هەیە، ئەندامێکی ئەو فراکسیۆنە دەڵێت: " ئەو رەشنووس و پێشنیازەیاسایانە کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی تاوان لە عێراق دەبێت."  
 
فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا لە پەرلەمانی عێراق کە 38 پەرلەمانتاری هەیە، لە رێگەی نووسراوێکەوە کە ئاراستەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی کردووە، داوا دەکات پەلە بکرێت لە پێشکێشکردنی پێنج رەشنووس و پێشنیازەیاسا بەمەبەستی پەسەندکردنیان، پاساوی داواکارییەکەشی گەڕاندووەتەوە بۆ "پاراستنی بونیادی کۆمەڵگەی عێراقی و پابەندبوون بە جێگیرەکانی ئیسلام و لەسەروویانەوە مەرجەعە ئاینییەکانی لە پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی کۆمەڵگەیی و دەستدرێژینەکردنە سەر هێما ئاینییەکان و مەزارگە پیرۆزەکان و خانەکانی پەرستش و موڵکەکانی گشتی و تایبەت و پاراستنی شکۆی مرۆڤ لەرێگەی سەپاندنی شکۆی دەوڵەت بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی سیاسی."
 
ئەو رەشنووس و پێشنیازەیاسایانەی ئەو فراکسیۆنە پێشنیازی کردوون بریتین لە:
 
- پێشنیازەیاسای بەتاوانناساندنی دەستدرێژیکردنە سەر مەزارگە پیرۆزەکان و خانەکانی پەرستش و مەرجەعە ئاینییە باڵاکان.
 
- پێشنیازەیاسای بەتاوانناساندنی دەستدرێژیکردنە سەر دامەزراوە فەرمییەکان و بارەگای حیزبەکان.
 
- پەسندکردنی یاسای تاوانە ئەلیکترۆنییەکان.
 
- پەسندکردنی یاسای بەرنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.
 
- پەسندکردنی یاسای بەتاوانناساندنی هاوڕەگەزخوازی.
 
عارف حەمامی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی ئەو پێشنیازانەی کە فراکسیۆنەکەی کردوویەتی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو رەشنووس و پێشنیازەیاسایانە لە گرنگترینەکانن بۆ پاراستنی شیرازەی کۆمەڵگە و کەمکردنەوەی تاوانەکان، ماوەیەکە درک دەکرێت هەندێک کەسی لادەر لە یاسا هێرشدەکەنە سەر بارەگای حیزبەکان و حکومەت و سووکایەتی بە مەرجەعە ئاینییەکان دەکەن یان هێرشدەکەنە سەر مەزارگە و شوێنەکانی پەرستشی ئایینە جیاوازەکان، بۆیە لەپێشترێتیی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت لە قۆناخی داهاتوودا کار لەسەر پەسەندکردنی ئەو یاسایانە بکات."
 
ماوەی چەند رۆژێکە زیاتر لە 12 بارەگای حیزبی دەعوە کە نووری مالیکی سەرۆکایەتی دەکات، لە چەندین پارێزگا و شاروچکە و قەزای عێراق لەلایەن کەسانێکەوە سووتێنران کە خۆیان بە لایەنگری موقتەدا سەدر دەناسێنن، هۆکاری سووتاندنەکانیش بۆ هێرشی لایەنگرانی حیزبی دەعوە و تۆمەتەکانیان دەزانن، کە تێیدا محەممەد سادق سەدری باوکی موقتەدا سەدریان بە نزیکبوون لە حیزبی بەعس و سەدام حوسێن تۆمەتبارکردبوو.
 
حیزبى دەعوە سەرسوڕمانى خۆى لە وروژاندنى ئەو بابەتە لەم کاتەدا دەربڕیوە و داوا دەکات بەڵگە پێشکێش بکرێت لەبارەى ئەوانەى هۆکار بوون بۆ ئەو "بێڕێزیکردنە" بەرامبەر محەممەد سادق سەدر بۆ ئەوەى رێوشوێنى حیزبى دژیان بگرنەبەر، بەڵام ئاماژە بەوەش دەکەن، تۆمەتى بێ بەڵگە قبووڵ ناکەن.
 
موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دوێنێ دووشەممە، 17-7-2023، لە تویتێکدا داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد یاسایەک پەسندبکات بۆ قەدەخەکردنی سووکایەتی بە زانایانی ئاینی و داواش دەکات وردبینی لە داڕشتنی هەبێت بۆ ئەوەی نەبێتە "شمشێرێکی دوو سەر"، سەدر هێرشیکردە سەر هەندێک لەلایەنەکان و تۆمەتباری کردن بەوەی بەرژوەندییان لە گۆبەندی شیعە - شیعەدا هەیە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.