وەزارەتی نەوتی عێراق: لە گێڕانەوەی ئامێرەکانی پاڵاوگەی بێجیدا حکومەتی کوردستان بەرژەوەندیی گشتی خستەپێش

18-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ  

وەزارەتی نەوتی عێراق پەسنی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە گێڕانەوەی کەرەستە و ئامێرە بزربووەکانی پاڵاوگەی نەوتی باکوور لە سنووری بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین و دەڵێت، گێڕانەوەی ئەو کەرەستانە کاریگەری لەسەر خێراکردنی خستنەوەگەڕی پاڵاوگەکە دەبێت.
 
رۆژی هەینی، 18-8-2023، وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر گێڕانەوەی بەشێک لە پارچە بزربووەکانی پاڵاوگەی نەوتی باکوور لە قەزای بێجی لە پارێزگای سەلاحەدین راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییە پێشکێشکراوەکان بە هاووڵاتیان، پاراستنی سامانی نەوت و گەشەپێدانی، پاراستنی ئابووریی نیشتمانی، ژمارەیەکی زۆر کەرەستە و ئامێری زۆر گرنگ گەڕێندرانەوە کە بە شێوەیەکی تایبەت بۆ پاڵاوگەی نەوتی باکوور لە بێجی دروستکرابوون، ئەوەش دوای ئەوەی لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشی تیرۆریست بزرببوون".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، "ئەو گەڕانەوەیە بەهۆی هاوئاهەنگیی هاووڵاتییەکی جوامێری عێراقی لەگەڵ چەند لایەن و کەسایەتییەکی دیار بوو، ئەوە جگە لە هەوڵی لایەنە فەرمییەکان. لەسەر بنچینەی ئەو هەوڵ و هاوئاهەنگیانە، ئەو کەرەستانە بۆ پاڵاوگەکە گەڕێندرانەوە، ئەوەش دوای ئەوەی لە چەندین گۆڕەپانی تایبەت بە کەرەستەی کۆن و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکە پەرش و بڵاوببوون. هەندێک لەو کەرەستانە زەحمەتە دەستنیشانبکرێن، تەنیا لە رێگەی کەسانی پسپۆڕەوە نەبێت".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژە بە وردەکاریی گێڕانەوەی ئەو ئامێر و کەرەستانە دەکات و دەڵێت، "ئەو هەنگاوە دوای پەیوەندییەکانی هاووڵاتییەک لەگەڵ لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان و سەرۆکی لیژنەکە بەدیهات".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق ئەو دەنگۆیانەش رەتدەکاتەوە کە گوایە پارەیان لە بەرامبەر گێڕانەوەی ئەو کەرەستە و ئامێرانە دابێت و دەڵێت، "ئامێرەکان بە هاوئاهەنگی و لەسەر بنچینەی رژدبوونی هەموو لایەنەکان گوێزرانەوە و رادەستکران، بێ ئەوەی هیچ بڕە پارەیەک بە کەس بدرێت؛ هەروەها لە رێگەی هاوئاهەنگیی تووندوتۆڵەوە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکانی هەرێمی کوردستان ئەو کارە کرا. ئەوە جگە لە دەستپێشخەرییەکانی دیکە کە رۆڵیان لەو گێڕانەوەیە هەبوو".
 
وەزارەتی نەوت ناوی بەشێک لەو ئامێر و کەرەستە گێڕاوانەی داوە و پێی وایە، "گێڕانەوەیان دەبێتە هۆی خێرا بەگەڕخستنەوەی پاڵاوگەی باکوور".
 
وەزارەتی نەوتی عێراق باسی رۆڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو گێڕانەوەیە دەکات و دەڵێت، "رۆڵی هاووڵاتی و کەسانی دیار لە پێشکێشکردنی ئاسانکاری و هاوئاهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو گێڕانەوەیە گرنگە و خستنەپێشی بەرژەوەندیی گشتیی نیشتمانییە و پشتیوانییەکی دیکەیە بۆ هەنگاوەکانی چاکسازیی نیشتمانی و نموونەیەکە بۆ هاوئاهەنگیی هەمووان بۆ بەدیهێنانی ئامانجە باڵاکان".
 
رۆژی چوارشەممە، 16ـی ئابی 2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانى پاڵاوگەی بێجی کرد و گەڕاندنەوەى ئەو کەرەستە و ئامێرانەى راگەیاند. سوودانى گوتى، "لەدواى هەوڵى چەند لایەنێکى فەرمى و نافەرمى، توانرا چەند کەرەستە و ئامێرێکى دزراوى پاڵاوگەى بێجى بگەڕێندرێنەوە و هەوڵەکە لە هاووڵاتییەکەوە دەستپێکرد کە تائێستا نازانین سەرپشکین لە ناوهێنانى یان نا کە ئامادەیی دەربڕی بەوەى ئەو کەرەستانە رادەستبکاتەوە. ئامێر و کەرەستەکان گرنگن و بەهایان ملیۆنان دۆلارە و بۆ داواکاریی دروستکردنیان، دوو بۆ سێ ساڵی دەوێت".
 
لە ساڵى 2014 رێکخراوى داعش قەزاى بێجى سەر بە پارێزگاى سەڵاحەدینی کۆنترۆڵ کرد و لە 21ـی تشرینى یەکەمى 2015 هێزە عێراقییەکان قەزاکەیان کۆنترۆڵکردەوە. 
 
پاڵاوگەى بێجى لە ساڵى 1978 دامەزراوە و رۆژانە تواناى هەیە زیاتر لە 300 هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت و بیکاتە بەرهەمى نەوتی و سووتەمەنى.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە