رووداو دیجیتاڵ
یەکلاکردنەوەى چارەنووسی کەمپی بزێبز لە سنوورى پارێزگاى ئەنبار، بووەتە کێشەیەک لە نێوان حکومەت و هەندێک لە پەرلەمانتارە سوننەکان. ئەو کەمپە ئاوارە سوننەکانى ناحیەى جورفولسەخڕى سنوورى پارێزگاى بابلی تێدا نیشتەجێ کراوە، کە شیعەکان ناوەکەیان گۆڕیوە بۆ جورفولنەسر.
دیاریکردنى رۆژی 10-9-2023 وەکو دوا وادە بۆ یەکلاکردنەوەى ئەو کەمپانە، لەلایەن وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراقەوە کرۆکى کێشەکەیە لەنێوان حکومەتى زۆرینە شیعە و پەرلەمانتارانی سوننە.
عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى گشتیى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، "ئاماژەیەک لە کارنامەى حکومەتدا هەیە بۆ گەڕاندنەوەى ئاوارەکانى جورفولسەخڕ، هیچ پێشنیازێک نییە بۆ ئەوەى ناوچەى جێگرەوەیان پێ بدرێت، ئێمە هەمیشە جەخت لەسەر گەڕاندنەوەیان دەکەینەوە بۆ ناوچەکانیان".
بەگوێرەى بڕیارەکە؛ یان دەبێت ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدى خۆیان، یان لەو شوێنەى بۆى ئاوارە بوون، بمێننەوە.
مالیک عەلى، ئاوارەى جورفولسەخڕ گوتی، "ئێمە زەوییەکانمان دەوێت، دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ زەوییەکانمان، بەهیچ شێوەیەک بەو بڕیارە قایل نابین، خەڵکانێک 50 دۆنم، 100 دۆنم زەوییان هەیە ناتوانێت دەستبەردارى ببێت و لێرە زەوى بکڕێت، ئێمە دەمانەوێت بگەڕێینەوە بۆ جورفولسەخڕ."
ساڵى 2014 داعش ناحیەى جورفولسەخڕی گرت، دواى چوار مانگ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى عێراقەوە کۆنترۆڵکرایەوە. لە کاتى ئەو شەڕانەدا 7500 خێزانى جورفولسەخڕ ئاوارە بوون، کە زۆرینەیان لە کەمپى بزێبزن و نەگەڕاونەتەوە.
ئەحمەد شرمانی، ئەندامى لیژنەى خزمەتگوزارى و ئاوەدانکردنەوەى پەرلەمانى عێراق گوتی، "ئەم دۆسیەیە گرنگ و ئاڵۆزە، بەر لە ئیرادەى حکومى، پێویستى بە ئیرادەى سیاسییە، دەبێت لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکان لەسەر ئەو کێشانە بووەستن کە رێگرن لەبەردەم گەڕاندنەوەی خێزانە ئاوارەکان، دەبێت دەسەڵاتى دادوەرى وردبینى لە دۆسیەى ئەو کەسانە بکات کە لەلایەن دادگەوە داواکراون، تۆمەتبارەکان دادگایی بکرێن، تەنانەت بەبێ ئامادەبوونى خۆیشیان بێت، بەڵام بێتاوانەکان پێویستە بگەڕێنەوە زێدى خۆیان."
یەکێک لە هۆکارەکانى نەگەڕانەوەى ئاوارەکان مەترسیی ئەمنییە لەسەر ژیانیان لە سنوورى پارێزگای بابل کە زۆرینەى دانیشتووانەکەى شیعەن و ئێستا بەشێک لە هێزەکانى حەشدی شەعبی تێیدا جێگیرکراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ