رووداو دیجیتاڵ
هەفتەی داهاتوو لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان کۆدەبنەوە.
پرسەکانی خاڵەسنورییەکان، خانەنشینی سەربازی، چاودێریی کۆمەڵایەتی و داهاتە نانەوتییەکان. ئەو پرسانەن لە نێو کۆبوونەوەکە شەن و کەو دەکرێن.
لەبارەی سەردانەکەوە عەتوان عەتوانی، سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت: "لەڕاستیدا سەردانەکە لەسەر خاڵە ناکۆکەکان دەوەستێت، هەروەها پشتیوانیکردنی لایەنە ئەرێنییەکان و چەسپاندنی ئەو رێککەوتنە و چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و داخستنی لاپەڕەی رابردوو دەبێت. ئەم ئیرادەیە هێزمان پێدەدات، لەسەر ئەوەی کۆتایی بە ناکۆکییەکان بێت هەرکاتێک وێنەکە روون بوو هەمووان زانیان ئەرکیان چییە؟ پابەندییەکانیان چییە؟ و بەڵێن بدەن بە پابەندبوونیان."
دابەزینی نرخی نەوت و مەترسیی زیادبوونی کورتهێنان لیژنەی دارایی پەرلەمان ناچار دەکات هەوڵەکان بۆ چاودێری و کۆکردنەوەی داهاتە نانەوتییەکان چڕبکاتەوە.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "ئاشکرایە ئێستا نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا هاتووەتە خوارەوە، ئەمەش مەترسی دروست دەکات بۆ سەر بودجە و پابەندبوونەکانی حکومەت و ئەرک و بەرپرسیارەتییەکانی کە پشت بەستە بەداهاتی نەوت بۆیە بابەتی بەهێزکردنی داهاتە نانەوتییەکان و کۆکردنەوەی تەواوی ئەو داهاتەی خەمڵاندنی بۆ کراوە ئەرکی لیژنەی داراییە، کە بەدواداچوون بکات بۆ هەموو دامودەزگەکان."
بەدواداچوون بۆ ئاستی پابەندبوونی هەولێر و بەغدا لەسەر رێککەوتنی شاندی وەزاری و حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکێک لە پرسە سەرەکییەکانی نێو کۆبوونەوەکانی هەولێر دەبێت.
شاندەکان لەسەر ئاستی سیاسی، وەزاری و هونەری لە نێوان بەغدا و هەولێر دەیان کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە، کەچی تاوەکو ئێستا دواکەوتنی مووچەی مانگانەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، بۆ هەر مانگێک هۆکارێک دەدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوابکەوێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ