رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رێکارەکانى تایبەت ژماردنى دەستى و ئەلیکترۆنى بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق پەسند کرد کە بەهەمان رێکارى هەڵبژاردنى 2023 ى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق دەبێت. دەشڵێت: 10 سکاڵا لە دژى بەربژێران رەتکرانەوە و سێ بەربژێر لەسەر بڕوانامەکانیان دوور خرانەوە کە یەکێکیان ساختەى کردووە.
ئەو بڕیارنانەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە 17ی ئەیلوولی 2025 دەرکراون، کە تایبەتن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە بڕیارە لە 11ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت.
یەکێک لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران تایبەتە بە پەسەندکردنی رێکارەکانی ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی لە کاتی دەنگدان کە لە 16ی ئەیلوولی 2025 بڕیاریان لێداوە.
پێنجشەممە 18ی ئەیلوولی 2025، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رێکاری ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی دەنگەکان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە پەسند کراوە، هەمان رێکارە کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ساڵی 2023 کاری پێکرا."
بەگوێرەی ئەو ڕێکارە، نابێت رێژەی ئەو کەسانەی ئامێری ئەلیکترۆنی دەنگدان پەنجەمۆریان ناخوێنێتەوە 5%ی تێکڕای ژمارەی دەنگدەرانی وێستگەی دەنگدانەکە تێپەڕێنێت. ئەگەر رێژەی جیاوازى بەراوردکردنی ژماردنی دەستی و ئەلیکترۆنی هەر وێستگەیەک کەمتر بێت لە 5%، ئەوا پشت بە ئەنجامی ژماردنی دەستی دەبەسترێت. ئەگەر رێژەکە لەوە زیاتر بێت، سندووقەکانی دەنگدان دەگوێزرێنەوە بۆ ناوەندی وردبینی ناوەندیی لە پارێزگاکەی و دەنگەکان بە دەست دەژمێردرێنەوە.
10 سکاڵا رەتکرانەوە، بەربژێرێک بڕوانامەی ساختەکرد
بە گوێرەی چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، 10 سکاڵا رەتکرانەوە کە لە دژی 10 بەربژێری هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تۆمار کرابوون.
سکاڵاکان تایبەت بوون بە پێشینەی تاوان و بەعسیبوونی ئەو بەربژێرانە و دواتر دەرکەوتووە کە تۆمەتەکانیان بەسەردا ساخ نەبووەتەوە.
ئەنجوومەنی کۆمیسیاران، عەبدوڵڵا خەفاجی لە لیستی حەدبای نیشتمانی لە سنووری پارێزگای نەینەوا دوورخستووەتەوە، بە پاساوی ئەوەی ئەو بەڵگەنامانەی پێشکێشی کردوون لەبارەی بڕوانامەکەیەوە ساختە کراون کە گوایە بڕوانامەی زانکۆی هەیە.
هەریەک لە بەربژێران عەجیل نووری لە لیستی هاوپەیمانیی نیشتمانی، سەلام عەلی شەنان لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان دوورخراونەتەوە، بەوپێیەی نەیانتوانیوە بەڵگەنامەکانی دەرچوونیان بسەلمێنن.
عەلی فەیسەڵ، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەغدا، بە دوو ملیۆن دینار سزای پێبژاردن دراوە.
یەکێک لە بڕیارەکانی دیکە رەتکردنەوەی تانەیەکى زافر عانی، بووە لە دژى بڕیارى دوورخستنەوەى کە کەسایەتییەکى دیاری سوننەی عێراقە و لە 25ی ئاب دوور خرابووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ