رووداو دیجیتاڵ
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە پێویستی دەزانێت بژێویی خەڵک لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی دووربخرێتەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، رێزگرتن لەدەستوور دەبێتەهۆی بەهێزبوونی فیدراڵی.
محەممەد حەسان، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە 18-11-2025، لە گوتارێکدا لە کۆڕبەندی مێپس لە زانکۆی ئەمریکی- دهۆک، رایگەیاند: "کاروانی عێراق بەرەو گەشەپێدانی بەردەوام دەستی پێکردووە و رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ تەنیا لەلایەن خەڵکی خۆیەوە دەتوانرێت دابڕێژرێ."
محەممەد حەسان گوتیشی: "گەلانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە جەنگەکان ماندوو بوون، دوای زیاتر لە 400 ساڵ لە جەنگ و قەیران و داگیرکاری؛" داوای کرد "بارگرانی لەسەر شانی گەلانی ناوچەکە کەم بکرێتەوە، بەتایبەتی کە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراق لانکەی شارستانییەتەکانن و کاتی ئەوە هاتووە بە شارستانییەت بگەشێنەوە، وەک چۆن لە رابردوودا بوون."
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باس لەوە دەکات "هەنگاونان بەرەو باشتربوون پێویستی بە سەرکردایەتیی ژیرە. گەلی عێراق گەلێکی داهێنەرە. شەڕی داهاتوو و راستەقینە، سیاسی نییە، بەڵکو گۆڕەپانی باڵادەستیی فیکری و زانستیە و عێراق دەستی بە دانانی بناخەی سەرەکی بۆ ئەم جۆرە پڕۆژانە کردووە."
محەممەد حەسان گرنگیدان بە سیاسەت و ئابووری بە پێویست دەزانێ و دەڵێ: "نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە هەر جۆرە یارمەتییەکی عێراق بدات."
دوای هێرشەکانی داعش لە سەرەتای ئابی 2014 بۆسەر شنگال، هەزاران کوردی ئێزدی ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون کە هێشتا بەشی زۆریان لە کەمپەکاندا نیشتەجێن. بەشێکی قسەکانی محەممەد حەسان تایبەت بوو بە مەینەتی کوردانی ئێزدی و گوتی:"هێشتا ئێزدییەکان لە کەمپەکان ئاوارەن و دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان، چونکە ئەوە کۆتاییهاتنی شەڕی داعش نیشان دەدات."
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق باسی بایەخی پابەندبوونی بە دەستووری عێراقیشەوە کرد و گوتی: "رێزگرتن لە دەستوور گرنگە کە فیدراڵی قووڵ دەکاتەوە. هەروەها پێویستە خەڵکی ئاسایی و بژێویی ژیانیان لە هەر ناکۆکییەکی سیاسی دووربخرێنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ