رووداو دیجیتاڵ
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کۆتاییهات و بە گوێرەی زانیارییەکانی ناسر عەلی، پەیامنێری رووداو، چاوەڕوان دەکرێت رێژەی بەشداریکردنی خەڵک لە پارێزگای نەینەوا لەنێوان 50٪ تاوەکو 55٪ دەبێت.
ناسر عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە یەکێک لە بنکەکانی دەنگدان لە لای چەپی شاری موسڵ رایگەیاند، لەو بنکەی دەنگدانەی ئەو لەم چەند کاژێرەی دواییدا رووماڵی هەڵبژاردنەکەی کردووە، 4500 کەس مافی دەنگدانیان هەبووە و لەو ژمارەیە 1716 کەسیان دەنگیان داوە.
وەک ناسر عەلی گوتی، رێژەی بەشداریکردن لە پارێزگای نەینەوا بەرز نەبووە و پێشبینی دەکرێت رێژەکە لەنێو موسڵ نزیکەی 30٪ بۆ 35٪ بێت و بەشداریکردن لە شوێنەکانی دیکەی پارێزگای نەینەواش بەرزتر بووە و بەو جۆرەش چاوەڕوان دەکرێت رێژەکە بە گشتی لە نەینەوا 50٪ تاوەکو 55٪ بێت.
پارێزگای نەینەوا 26 کورسی و سێی کۆتای هەیە و کورد بە سێ لیست لە هەڵبژاردنەکەدا بەشدار بوو کە لیستی پارتی، یەکێتی و حیزبی سۆسیالیستی کوردستان بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ