لە یەک رۆژدا دادگەى فیدراڵى تاوتوێى پێنج سکاڵای تایبەت بە هەرێمى کوردستان دەکات

19-01-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

هەفتەى داهاتوو دادگەى باڵاى فیدراڵى لەیەک رۆژدا تاوتوێى پێنج سکاڵا دەکات کە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان، یەکێک لە سکاڵاکان لەدژى یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە، سیانیان تایبەتن بە نەناردنى مووچەى فەرمانبەران و پلەبەرزکردنەوەیان، پێنجەمییشان لەدژى یاسای بنبڕکردنى تیرۆرە لە هەرێمى کوردستان.
 
بەگوێرەى خشتەى کۆوبونەوەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق، یەکشەممەى داهاتوو 21ى کانوونى دووەمى 2024، دادگە دانیشتنێکى دیکە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات کە لە دژى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمارکراوە.
 
سکاڵاکان دوو سکاڵان و یەکخراون، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون، کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی هەڵبژاردن و کورسیی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان.
 
رۆژی 19ى کانوونى دووەمى 2024 وەعدى مزوورى، راوێژکارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: لەو دانیشتنەى دادگەى باڵاى فیدراڵى وەڵامى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق تاوتوێى دەکرێت، کە پێشتر دادگە داواى روونکردنەوەى لێکردووە.
 
 لە دانیشتنى پێشوویدا لە 27ى کانوونى یەکەمى 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵى، داواى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان کردبوو روونکردنەوەى بداتێ لەبارەى ئەوەى بە چى شێوازێک دەکرێت هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بەڕێوەببات بەتایبەت لە دابەشکردنى بازنەکانى هەڵبژاردندا.
     
 وەعدى مزوورى گوتى: "ئەگەر هەیە لەو دانیشتنەدا بڕیارى کۆتایی لەبارەى سکاڵا نەدرێت و بڕیاردان دوابخرێت بۆ دانیشتنێکى دیکە."
 
 هەمان رۆژ دادگەى باڵاى فیدراڵى تاوتوێى چوار سکاڵاى دیکە دەکات کە تایبەتن بە هەرێمى کوردستان، دووان لە سکاڵاکان لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە لەبارەى خەرجنەکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان. سکاڵایەکى دیکە لە دژى پلەبەرزنەکردنەوەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراوە. سکاڵاى چوارەمیش لە دژى یاسای بنبڕکردنى تیرۆرى هەرێمى کوردستانە، کە لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیی تۆمارکراوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە