عێراق و تورکیا تاوتوێی دوایین ئامادەکارییەکانی وێستگەی شەمەندەفەری پێشابوور دەکەن

19-01-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، شاندێکی تەکنیکی عێراقی و تورکی لە تورکیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتییان لەبارەی وێستگەی شەمەندەفەر لە دەروازەی پێشابوور کردووە و باسیان لە دوایین رێوشوێنە تەکنیکیەکان کردووە، کە پێشبینی دەکرێت لە ئەم ساڵدا کارەکان تێیدا کۆتایی بێت.
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێراقی رۆژی پێنجشەممە لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لە ئەنقەرە لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکەی بەئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمپانیایەکی ئیتاڵی لەبارەی دوایین پێشڤەچوونەکانی هێڵی شەمەندەفەر کە بە هێڵی گەشەپێدان ناسراوە، کۆبوونەتەوە. 
 
بەگوێرەی پلانەکە، ئەو هێڵی شەمەندەفەرە لە زاخۆوە تاوەکو فاو لە بەسرە درێژ دەبێتەوە.
 
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، گفتوگۆکان لەبارەی پێوەندی و هاریکاری نێوان هەردوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان، هەروەها شاندی تەکنیکی نێوان هەردوو وڵات باسیان لە خاڵی نێودەوڵەتی بەستنەوەی هەردوو وڵات لە ناوچەی پێشخاپوور و چارەسەرکردنی سەرجەم تێبینیە تەکنیکییەکان کردووە. 
 
بەیاننامەکەی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، گفتوگۆی شاندە تەکنیکییەکانی نێوان هەردوولا بەردەوام دەبێت تاوەکو پڕۆژەکە لە ساڵی 2024 دەگاتە قۆناخی کۆتایی. 
 
وەزارەتی گواستنەوەی عێڕاق پێشتر راگەیاندبوو، پرۆژەی هێڵی گەشەپێدان لە پارێزگاکانی نەجەف، زیقار، دیوانیە و موسەننا گەیشتووەتە قۆناخی کۆتایی.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە