رووداو دیجیتاڵ
رابەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکی توونددا هۆشداری لەبارەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە دەدات و داوا لە حکومەتی عێراق دەکات، داوای رادەستکردنەوەی سەرکردە بەعسییەکان لە ئوردن بکات. هاوکات داوای کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکات.
رۆژی دووشەممە 19-01-2026، موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، لەبارەی پێشهاتە ئەمنییەکانی سووریا و کاریگەرییەکانیان لەسەر عێراق، پەیامێکی 9 خاڵیی بڵاوکردەوە و تێیدا هۆشداری دا لەوەی "تووندڕۆیە مەترسیدارەکان" لە زیندانەکانی سووریا ئازاد کراون.
لە پەیامەکەیدا سەدر داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، بە فەرمی داوا لە حکومەتی ئوردن بکات "ئەندام و سەرکردەکانی حیزبی بەعس (بە ژن و پیاوەوە) دەستبەجێ رادەستی عێراق بکاتەوە." هۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندووەتەوە کە "پلانێک بۆ هاوئاهەنگی لە نێوان پاشماوەکانی بەعس و تووندڕۆکان لەناو سووریادا هەیە."
سەبارەت بە مەترسییەکانی سەر ناوخۆی عێراق، موقتەدا سەدر جەختی لەسەر "کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی" کردووەتەوە بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان و زیندانەکان، هەروەها داوای لە هێزە ئەمنییەکان کردووە "ئاستی ئامادەباشییان بۆ ئەوپەڕی بەرز بکەنەوە و رێگری لە هەر خاوبوونەوەیەکی ئەمنی بگرن."
خاڵە سەرەکییەکانی دیکەی پەیامەکەی سەدر:
رادەستکردنەوەی زیندانیان
سەدر، داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا دەکات سەرجەم ئەو عێراقییانەی لە زیندانەکانی ئەو وڵاتەدان، رادەستی حکومەتی عێراق بکەنەوە.
دۆسیەی بەعسییەکان لە ئوردن
داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بە فەرمی داوا لە حکومەتی ئوردن بکات "ئەندام و سەرکردەکانی حیزبی بەعس" (بە ژن و پیاوەوە) دەستبەجێ رادەستی عێراق بکاتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە پلانێک بۆ هاوئاهەنگی لە نێوان پاشماوەکانی بەعس و توندڕۆکان لەناو سووریادا هەیە.
ئامادەباشی سەربازی و بەرگریی ئاسمانی
جەخت لەسەر کاراکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی دەکاتەوە بۆ پاراستنی شوێنە پیرۆزەکان و زیندانەکان، هەروەها داوا لە هێزە ئەمنییەکان دەکات ئاستی ئامادەباشییان بەرز بکەنەوە و رێگری لە هەر خاوبوونەوەیەکی ئەمنی بگرن.
پاراستنی سنوورەکان
سەدر، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتە خۆجێیەکانی بە بەرپرسیار دەزانێت لە پاراستنی سنوورەکانی نێوان سووریا و عێراق، بەتایبەتی رێگریکردن لە قاچاخچێتیی چەک و دزەکردنی ئەندامانی گرووپە تیرۆریستییەکان. داواش لە فەرماندە سەربازییەکان دەکات لە نزیکەوە چاودێریی سنوور و دەروازەکان بکەن.
رێگریکردن لە فیتنەی تایفی
داوا لە گەلی عێراق دەکات وریابن و گومانلێکراوان بە هێزە ئەمنییەکان بناسێنن، هەروەها دووربکەونەوە لە هەر کاردانەوەیەک کە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی فیتنەی تایفی و تووندوتیژیی ناوخۆیی. هاوکات داوا لە وتارخوێنانی هەینی دەکات خەڵک لە مەترسییەکانی تیرۆر و تایفیگەری هۆشیار بکەنەوە.
وردبینیکردن لە بوونی سوورییەکانا
لە خاڵێکی دیکەدا، سەدر داوادەکات"وردبینی و لێکۆڵینەوە" لەبارەی بوونی هاووڵاتییانی سووری لەناو خاکی عێراقدا بکرێت.
پەیامەکەی موقتەدا سەدر لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت و نیگەرانییە ئەمنییەکان لەبارەی دۆخی ناوخۆی سووریا و کاریگەرییە راستەوخۆکانی لەسەر ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە هەڵکشاندان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ