بانکى ناوەندیى عێراق مەرجى مۆڵەتى پارەدانى ئەلیکترۆنى بڵاودەکاتەوە

19-02-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بانکى ناوەندیى عێراق، مەرجەکانى پێشکێشکردنى داواکارى مۆڵەتى کارتى ئەلیکترۆنى بڵاوکردەوە. ئەزموونى کارکردن، پاراستنى هاوبەشەکان و گەرەنتیکردنى رێگرى لە سپیکردنەوەى پارە، دیارترین مەرجەکانن.
 
بە گوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندیی عێراق، دەبێت ئەو کۆمپانیایانەی داواکارى پێشکێش دەکەن، سەلماندنى ئەزموونیان لە بوارى خزمەتگوزاریی دارایی بەتایبەت پارەدانى ئەلیکترۆنى بخەنەڕوو؛ "باشترە پشکیان هەبێت" لە یەکێک لە کۆمپانیاکانى تایبەت بە تەکنەلۆژیاى زانیاری یان پارەدانى ئەلکیترۆنى، کەرتى بانکى و ئەو کۆمپانیایانەى کە لە بوارى پارەدانى ئەلیکترۆنى لە وڵاتانى دیکە کاردەکەن.
 
بەپێی رێنوێنییەکان دەبێت لایەنى پێشکێشکار بەڵگەى قازانجى بخاتەڕوو لە دوایین سێ ساڵى کارکردنى و بۆ ئەو کەسانەش کە وەک تاک داواکارى پێشکێش دەکەن، دەبێت ژمێرەى دارایی دوایین سێ ساڵی کارکردنیان پێشکێش بکەن.
 
یەکێک لە مەرجەکانى دیکە ئەوەیە، دەبێت لایەنى پێشکێشکار بەرنامەى پاراستنى هاوبەشەکانی و چۆنێتى چارەسەرکردنى کێشەى نێوانیان بخاتەڕوو.
 
ئەو کەس و کۆمپانیا بیانیانەش کە داواکارى پێشکێش دەکەن، دەبێت ئەوە بسەلمێنن کە دۆخیان لە رووى داراییەوە ئەرێنییە لە وڵاتانى خۆیان و لە سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر نەگلاون و ئەو بەڵگانەش لە وڵاتەکانیان پێشکێش بە باڵیۆزخانەى عێراق دەکەن.
 
مەرجێکى دیکە ئەوەیە کە لایەنى پێشکێشکار رێوشوێنەکانى باس بکات کە بەکاریان دەهێنێت بۆ رێگرى لە فێڵکردن و بنبڕکردنى سپیکردنەوەى پارە و پارەدارکردنى تیرۆر.
 
بانکى ناوەندیى عێراق ئاماژەى بەوە داوە کە هەر داواکارییەک ئەو مەرجانەى تێدا نەبێت، رەت دەکرێتەوە.
 
سیستمى پارەدانى ئەلیکترۆنى پەنابردنى بانکەکانە بۆ دروستکردنى کارتێکى تایبەت بۆ هاوبەشەکانیان کە پارەى تێدەکرێت و لە ئامێرەکانى پارەدانى ئەلیکترۆنى پارەى لێ رادەکێشرێت یان مامەڵەى کڕینى پێ دەکرێت.
 
ئەو هەنگاوەى حکومەتى عێراق لە رێگەى بانکى ناوەندەییەوە بۆ کۆتاییهێنانە بە مامەڵەى دارایی نەختینەیی و پەنابردن بۆ مامەڵەى بازرگانیى ئەلیکترۆنى.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە