رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکى دەستەى چاودێریى کۆمەڵایەتیى عێراق دەڵێت، زیاتر لە دوو ملیۆن خێزان و حەوت ملیۆن کەس لە مووچەى هاوکارى ئەو دەستەیە سوودمەندن کە سێ ملیۆنیان منداڵن، بەغدا لە ریزبەندى یەکەمى خێزانە سوودمەندەکانە.
رۆژی دووشەممە، 19ـی شوباتى 2024، ئەحمەد موسەوى، سەرۆکى دەستەى چاودێریى کۆمەڵایەتیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، زیاتر لە دوو ملیۆن و 200 هەزار خێزان لە عێراق هاوکاریی تۆڕى کۆمەڵایەتى دەیانگرێتەوە و ئەندامانى ئەو خێزانەى سوودمەندن، دەگاتە حەوت ملیۆن کەس.
ئەحمەد موسەوى گوتیشى، "زۆرترین ژمارەى ئەو خێزانانەى ئەو هاوکاریانە دەیانگرێتەوە لە بەغدان و بەدوایدا پارێزگاى بەسرە دێت و پارێزگاى نەینەواش لە ریزبەندى سێیەمدایە".
مووچەى هاوکاریى چاودێریى کۆمەڵایەتیى عێراق بە گوێرەى یاساکە لە ساڵى 2014 لە پەرلەمانى عێراق پەسندکراوە؛ ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە کەم دەرامەتن و وەک پێویست تواناى دەستبەرکردنى بژێوى رۆژانەیان نییە، ئەوە جگە لە خاوەنپێداویستى تایبەت، بێ هاوژینان و چەند توێژێکى دیکە.
ئەو بڕە پارەیەى دەدرێتە ئەو کەسانەى یاساکە دەیانگرێتەوە بە گوێرەى ئاستى پێویستییەکەى، لە 105 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو دەگاتە 420 هەزار دینار.
سەرۆکى دەستەى چاودێرى کۆمەڵایەتیى عێراق کە سەر وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتییە رایگەیاند، بەپێی ئەو بەرنامەى هاوکارییە زیاتر لە سێ ملیۆن منداڵ لەو هاوکارییانە سوودمەندن.
بە گوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پلاندانانى عێراق، هەژارى لە عێراق نزیکەی 25%ـە و لەکۆى 43 ملیۆن هاوڵاتى عێراق 10 ملیۆنیان هەژارن؛ هاوكات 16.4%ـى هاووڵاتییانى عێراق بێکارن کە دەکاتە زیاتر لە شەش ملیۆن و 800 هەزار هاووڵاتى.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ