رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گەیاندنی عێراق رایگەیاند، مۆڵەتی کارکردنی کۆمپانیاکان پەیوەندی بە وەزارەتەکەیانەوە نییە، بەڵکو گرێبەستەکەیان لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و گەیاندنە.
رۆژی چوارشەممە، وەزارەتی گەیاندنی عێراق روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردووە، گرێبەستی مۆڵەتی کۆمپانیاکانی مۆبایل (ئاسیاسێڵ، زین و کۆرەک) لەگەڵ دەستەی راگەیاندن و گەیاندنە و پەیوەندیی بە وەزارەتی گەیاندنەوە نییە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، وەزارەتەکە هیچ دەسەڵاتێکی نییە بۆ وەرگرتنی رێکاری یاسایی یان دارایی سەبارەت بە هەر سێ کۆمپانیای مۆبایلەکە و تەنیا ئەو رێکارە تەکنیکییانە جێبەجێ دەکات، کە بە بڕیاری فەرمی لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندنەوە دەردەچێت و تایبەتە بە راگرتنی خزمەتگوزارییەکان.
روونکردنەوەکەی وەزارەتەکە لە کاتێکدایە دوێنێ سێشەممە، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، بڕیاری سزادانی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆمی راگەیاند، کە بریتییە لە راگرتنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت "بەهۆی پابەندنەبوونی بە پێدانی قەرزە کەڵەکەبووەکانی و بەردەوامبوونی لە سەرپێچیکردن، هەروەها بۆ هاندانی بۆ دانەوەی قەرزەکانی."
دەستەکە نووسراوێکی ئاراستەی وەزارەتی گەیاندن کردووە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی قەرەبووکردنەوەی بەشداربووان لەلایەن کۆمپانیای کۆڕەکەوە بەگوێرەی خاڵەکانی گرێبەستی مۆڵەتی کۆتاییهاتوو، ئەمەش بۆ دڵنیابوون لە زیان نەگەیاندن بە مافەکانی بەکاربەران.
سیروان بارزانی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو بڕیارەی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق سیاسییە نەک دارایی."
بەگوتەی سیروان بارزانی، ئەو بڕیارە "ئەگەر جێبەجێ بکرێت"، هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە و گوتیشی: "ئێمە بێ وەڵام نابین".
بەڵام رۆژی چوارشەممە 19-02-2025، جادر عەبدولوەهاب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی راگەیاندنی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، بڕیاری راگرتنی ئینتەرنێتی هێڵی کۆڕەک تیلیکۆم سەرجەم عێراق دەگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ