رووداو دیجیتاڵ
سبەی چوارشەممە لە پارێزگای نەینەوا پشووە؛ داوا لە دانیشتووانی پارێزگاکەش دەکرێت لە ماڵەکانیان بمێننەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ی ئاداری 2024 رەفعەت سمۆ، یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بە بڕیاری عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا لەپێناو سەلامەتیی گشتی، سبەی چوارشەممە لە پارێزگاکە کرایە پشووی فەرمی، جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان.
یاریدەدەری پارێزگاری نەینەوا گوتی، ئەمڕۆ لە چەند ناوچەیەکی موسڵ لافاو دروستبوو. ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت سبەی لە کاژێر 02:00ی پاشنیوەڕۆ تاوەکو 06:00ی ئێوارە بارانی بەلێزمە لە موسڵ و بەشێکی زۆری پارێزگای نەینەوا ببارێت، بۆیە "داوا لە خەڵکی دەکەین لە ماڵەوە بمێننەوە و هاتووچۆ سنووردار بکەن تاوەکو کارمەندانی فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان رێکاری پێویست بگرنەبەر."
شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان و عێراقی گرتووەتەوە. لە هەندێک شوێن لافاو دروستبووە و زیانی گیانی و مادیش هەیە.
بەو هۆیەوە ئەمڕۆ سێشەممە لە پارێزگاکانی دیالە، موسەننا، بابل، سەلاحەدین، نەجەف، ئەنبار، زیقار و دیوانییە پشوو بوو؛ هەروەها لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، واست و بەغدا قوتابخانەکان بۆ ئەمڕۆ کرانە پشوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ