رووداو دیجیتاڵ
کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق بڕیاری دا بەمەرج و بۆ ماوەی پێنج رۆژ هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رابگرێت، یەکێک لە مەرجەکانی ئەوەیە، کە بۆردوومانەکان لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە رابگیرێن.
پێنجشەممە 19ی ئاداری 2026، ئەبوو موجاهید عەساف، بەرپرسی ئەمنیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق، لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەو بڕیارە بە فەرمانی ئەبووحوسێن حەمیداوی، ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی حیزبوڵڵا بووە.
ئەو گرووپە کە یەکێکە لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، راگرتنی هێرشکردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمریکای لە بەغدا بۆ ماوەی پێنج رۆژ وابەستەی پێنج مەرج کردووە.
مەرجەکان بریتین لە راگرتنی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر باشووری بەیرووت، کە جێگەی هەژموونی حیزبوڵای لوبنانییە، راگرتنى هێرشکردنە سەر بەغدا و پارێزگاکانى دیکە، کشانەوەی کارمەندانی دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا (CIA) لە وێستگەکانیان و هێشتنەوەیان لەناو باڵیۆزخانەی ئەمریکا، بەڵام ئەم خاڵەیان هەرێمی کوردستانی لێ بەدەرکراوە.
لە مەرجەکانی دیکەی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراقدا هاتووە، کە ئەگەر لایەنی بەرامبەر پابەند نەبێت، کاردانەوەیان راستەوخۆ دەبێت و هێرشەکانیان لە دوای ئەو پێنج رۆژە زیاد دەکەن. جەختی کردووەتەوە کە نابێت هێزە ئەمنییەکان لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکاندا هێزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بپارێزن، کە بە "گرووپی سیخوڕی و جەنگ" ناوی بردوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ