رووداو دیجیتاڵ
بزووتنەوەی نوجەبا لە عێراق بۆ کوژرانی عەلی لاریجانی پەیامێکی بڵاوکردەوە و هۆشداریی تووندی دایە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیل؛ رایدەگەیێنێت کە وەڵامەکەیان "بێ سنوور" دەبێت و کۆتایی بە بوونی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکە دەهێنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 18ـی ئاداری 2026، بزووتنەوەی نوجەبا لە راگەیێندراوێکدا "سەرەخۆشی و هاوخەمی" خۆی ئاراستەی موجتەبا خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەلی ئەو وڵاتە کرد، بەهۆی کوژرانی عەلی لاریجانی، سکرتێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، کە وەک "ئەقڵێکی ستراتیژی و سەرکردەیەکی گەورە" وەسفی کردووە.
بەپێی راگەیێندراوی بزووتنەوەکە، عەلی لاریجانی لەگەڵ کوڕەکەی و چەند هاوەڵێکی لە ئەنجامی هێرشێکی "ئیسرائیلی - ئەمریکی" کوژراون. نوجەبا لاریجانی بە "ئەندازیاری سەرکەوتنەکان و پاڵپشتی موجاهیدەکان" ناودەبات.
بزووتنەوەکە پەیامێکی هەڕەشەئامێزی ئاراستەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ و ئیسرائیل کردووە و دەڵێت: "با ئیدارەی ترەمپ و قەوارەی زایۆنی بزانن کە خوێنی شەهیدان، کۆتاییهاتنی بوونی سەربازییان لە ناوچەکە خێراتر دەکات."
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، نوجەبا جەخت لەسەر تۆڵەکردنەوە دەکاتەوە و رایدەگەیێنێت: "وەڵامدانەوەمان هیچ سنوورێک ناناسێت و بە هاوسەنگییەکانی ترسنۆکەکانەوە نابەسترێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ