حەشدی شەعبى بۆ فەیسبووک و ئینستاگرام: قەدەخەکردنى ئەبو مەهدى موهەندیس هەڵبگرن

19-05-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دەستەى حەشدی شەعبی لە پەیامێکدا بۆ کۆمپانیاى مێتا، داوا دەکات بڕیارى قەدەخە لەسەر ئەو پۆست و ناوەڕۆکانە هەڵبگرن کە پەیوەنیدارن بە ئەبو مەهدى موهەندیس، جێگرى پێشووى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبی و دەڵێت، "ئەو مامەڵەیە دەستوەردانێکى قبووڵ نەکراوە لە کاروبارى نێوخۆى عێراق."
 
ئەو پەیامەى دەستەى حەشدی شەعبی ئەمڕۆ دووشەممە 19ى ئایارى 2025 بڵاوکرایەوە و ئاڕاستەى کارگێڕیى کۆمپانیاى مێتا کراوە، کە خاوەندارێتیی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئەپ دەکات.
 
دەستەکە سەرکۆنەى رێکارەکانى کۆمپانیاى مێتاى کردووە بۆ سڕینەوەى ئەو ناوەڕۆکانەى پەیوەندیدارن بە ئەبو مەهدى موهەدنیس و بە "پێشێلکردنى ئازادیى رادەربڕین و دەستدرێژیکردنى بێ پاساو لە دژى سەروەریى نیشتمانیى عێراق" ناوى بردووە.
 
ئەو بڕیارە بەر لە کۆکردنەوەى سێ پلاتفۆرمەکە (فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئەپ) لە کۆمپانیاى مێتا دەرکراوە، بڕیارەکە قەدەخەى بڵاوکردنەوەى ئەو پۆست و وێنە و ڤیدیۆیانە دەگرێتەوە کە ئەبو مەهدى موهەندیسى تێدا دەردەکەوێت.
 
حەشدی شەعبی سێ داواکاریى ئاڕاستەى کۆمپانیاى مێتا کردووە، کە بریتین لە هەڵگرتنى دەستبەجێى قەدەخە لەسەر ئەو ناوەڕۆکانەى پەیوەندیدارن بە ئەبو مەهدى موهەندیس، چاوخشاندنەوە بە سیاسەتەکانی بەرامبەر و ناوەڕۆکەکانى عێراق کە فەرمین، رێز لە دامەزراوە فەرمییەکان و کەسایەتییە نیشتمانییەکانى عێراق بگیرێت.
 
لە ساڵى 2020ـەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى فەیسبووک، ئینستاگرام و واتسئەپ، بڵاوکردنەوەى ناوەڕۆکى پەیوەندیدار بە ئەبو مەهدى موهەندیس قەدەخە کراوە، لە 16ى کانوونى دووەمى 2021 عێراق بە فەرمى داواى لێکردن ئەو قەدەخەیە هەڵبگرن، بەڵام داواکارییەکە ئەنجامى نەبوو.
 
حەشدی شەعبی رایگەیاند، ئەو مامەڵەیە "دەستوەردانێکى قبووڵ نەکراوە" لە کاروبارى نێوخۆى عێراق، مافى گرتنەبەرى رێوشوێنى یاسایی و دیپلۆماسی و رۆژنامەڤانیى هەیە بۆ راگرتنى ئەوەى بە دەستدرێژى ناوى بردووە.
 
جەمال جەعفەر ناسراو بە ئەبو مەهدى موهەندیس لە 3ى کانوونى دووەمى 2020 لە بۆردوومانێکى سوپاى ئەمریکا لە بەغدا لەگەڵ قاسم سولەیمانى، فەرماندەى پێشووى فەیلەقى قودسى سەر بە سوپاى پاسدارانى ئێران کوژرا.
 
ئەو کاتە ئەبو مەهدى موهەندیس جێگرى سەرۆکى دەستەى حەشدی شەعبیى عێراق بوو.
 
پاساوى کۆمپانیاى مێتا بۆ قەدەخەى بڵاوکردنەوەى ئەو ناوەڕۆکانەى پەیوەندیدارن بە ئەبو مەهدى موهەندیس، ئەوەیە کە لە لیستى سزادراوانى حکومەتى ئەمریکادایە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە