رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی بەرایی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت ئاشکرا کرد، لەو چوارچێوەیەدا 17 فەرمانبەر و بەرپرس بە تۆمەتی کەمتەرخەمی لە کارەکانیان دوورخرانەوە، سێ ئەفسەریش دەستگیر کران.
میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 19ی تەممووزی 2025 رایگەیاند، لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ پێکهێندراوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە و بەراوردکردنیان لەگەڵ گوتەی شایەتحاڵ و بەرپرسان گەیشتە چەند ئەنجامێکی سەرەتایی.
درەنگانی شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، ئاگر لە هایپەرمارکێتێکی شاری کوتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە، بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، "کەمتەرخەمییەکی روون" لەلایەن ژمارەیەک بەرپرس و فەرمانبەر لە چەندین فەرمانگەی پەیوەندیداردا هەبووە، کە بووەتەهۆی "زیادبوونی قەبارەی کارەساتەکە و زیانەکان."
لەسەر بنەمای ئەنجامە سەرەتاییەکان، لیژنەکە بڕیاری داوە بە:
یەکەم: دوورخستنەوەی کاتیی (17) فەرمانبەر و بەرپرس لە کارەکانیان، تاوەکو تەواوبوونی رێکارە لێکۆڵینەوەیی و کارگێڕییەکان. دوورخراوەکان بریتین لە:
1. بەڕێوەبەری هۆبەی گەشتوگوزاری واست.
2. بەڕێوەبەری شارەوانیی کوت.
3. بەڕێوەبەری پێشووتری شارەوانیی کوت.
4. بەرپرسی پێشووی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کوت.
5. (عەلی عەباس کازم)، بەرپرسی داهاتی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی کوت.
6. بەرپرسی پێشووی هۆبەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە شارەوانیی کوت.
7. بەرپرسی پێشووتری یەکەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە شارەوانیی کوت.
8. چاودێری پێشووی هۆبەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی لە شارەوانیی کوت.
9. بەڕێوەبەری سەنتەری نیشتمانیی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی.
10. بەڕێوەبەری کەرتی یەکەمی چاودێریی تەندروستی/ کوت.
11. بەڕێوەبەری هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە کەرتی یەکەمی کوت.
12. فەرمانبەرێکی هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە کەرتی یەکەمی کوت.
13. فەرمانبەرێکی دیکەی هۆبەی چاودێریی تەندروستی لە کەرتی یەکەمی کوت.
14. بەڕێوەبەری ئێستای رێگەوبانی واست و یاریدەدەری پێشووی بەڕێوەبەری شارەوانیی کوت.
15. بەرپرسی هۆبەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی / شارەوانیی کوت.
16. بەرپرسی یەکەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی/ ناوچەی کەفائات لە شارەوانیی کوت.
17. فەرمانبەرێک لە یەکەی نەهێشتنی زێدەڕۆیی ناوچەی کەفائات.
دووەم: دەرکردنی فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ ئەم ئەفسەرانە:
1. بەڕێوەبەری بەشی ئاسایشی گەشتوگوزاری واست.
2. بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی واست.
3. فەرماندەی ناوچەی یەکەمی بەرگریی شارستانی / کوت.
ئەم رێکارانە بەگوێرەی مادەی (331)ـی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111ـی ساڵی 1969ـی هەموارکراو گیراونەتەبەر. میقداد میری گوتی، لیژنەکە بەردەوامە لە کارەکانی تاوەکو گەیشتن بە ئەنجامی کۆتایی و لێپێچینەوە لە هەموو کەمتەرخەمەکان.
وەزارەتی ناوخۆ دەنگۆی تێوەگلانی سووریاییەکان رەتدەکاتەوە
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەو دەنگۆیانەی رەتکردنەوە کە باس لە تێوەگلانی ژمارەیەک هاووڵاتیی سووریایی لە رووداوەکەی واست دەکەن.
میقداد میری لە راگەیێندراوێکی جیادا رایگەیاند، "ئەو زانیارییانەی باس لە تێوەگلانی زیاتر لە 30 هاووڵاتیی سووریایی دەکەن، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەکی فەرمی و باوەڕپێکراویان نییە."
میقداد میری گوتی، تەنیا "6 هاووڵاتیی سووریایی" لە شوێنی رووداوەکە بوون کە بە شێوەیەکی یاسایی هاتوونەتە عێراق و زانیارییەکانیان بە تەواوی لای دەزگا ئەمنی و هەواڵگرییەکان تۆمارکراون.
خۆپێشاندانی تووڕەیی و داخستنی باڵەخانەی پارێزگا
شەوی رابردوو خۆپێشاندەران لە شاری کوت هەڵیانکوتاوەتە سەر باڵەخانەی پارێزگای واست.
خۆپێشاندەران بە وتنەوەی درووشم داوای لێکۆڵینەوەیان لە بەرپرسانی نێوخۆیی کرد و بە بەرپرسیاریان زانین لە خراپیی دۆخی خزمەتگوزاری و ئەمنی و رووداوە یەک لەدوای یەکەکان.
چالاکڤانانیش داوای فراوانکردنی ناڕەزایەتییەکان دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ