شەڕ لە بەسرە لەسەر "شێخایەتی" روویدا و 6 کەس کوژران

19-07-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پۆلیسی پارێزگای بەسرە دەڵێت، لە شەڕێکی هۆزایەتیدا لە قەزای ئەبو خەسیب لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق 6 کەس کوژران.
 
عەقيد عەزیز هاشم، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پارێزگای بەسرە، ئەمڕۆ شەممە 19ی تەممووزی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، شەڕ لەنێوان چەند ئامۆزایەک لەنێو کاروانێکی پیادەڕۆی زیارەتکاران لە ناوچەی باب تەویل لە قەزای ئەبو خەسیب روویدا و 6 کەس کوژران.
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە پارێزگای بەسرە گوتی، پۆلیسی بەسرە دەستبەجێ گەیشتە شوێنەکە و بەشێکی ئەو کەسانەیان دەستگیر کرد کە شەڕەکەیان کردووە؛ هەروەها دەست بەسەر ئەو چەکانەدا گیرا کە بەکارهێندراون.
 
عەقيد عەزیز هاشم ئاماژەی بەوە کرد، بەگوێرەی لێکۆڵینەوەی سەرەتایی، کێشەکە لەسەر "شێخایەتی" بووە کە پۆستێکی سەرۆکایەتییە لەنێو هۆزی عیبادە.
 
شەوی رابردوو دەمەقاڵێ لەنێوان چەند ئەندامێکی هۆزەکە روویدا، دواتر دۆخەکە هێور بووەوە، بەڵام بەرەبەیانی ئەمڕۆ ناکۆکییەکە سەری هەڵدایەوە و پەرەی سەند بۆ تەقەکردن و ئەو رووداوەی لێکەوتەوە.
 
پارێزگاکانی میسان، زیقار و بەسرە لە پێشەوەی ئەو پارێزگایانەن زۆرترین رووبەڕووبوونەوەی چەکداریی هۆزایەتییان تێدا روودەدات و لە هەندێک لەو شەڕانەدا چەکی مامناوەند بەکاردەهێندرێت.
 
زۆربەی ناکۆکییە هۆزەکان لەو پارێزگایانە پەیوەندییان بە کێشەی زەویوزاری کشتوکاڵی و پشکی ئاوەوە هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە