رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی واست و 6 تۆمەتباری دیکەی لە هەمان بەڕێوەبەرایەتی و شارەوانی کوت راگەیاند؛ کە بە گوێرەی دەستەکە، "کەمتەرخەمییان" بووەتە هۆکاری ئاگرکەوتنەوە لە هایپەرمارکێتەکەی کوت.
دەستەی دەستپاکی رایگەیاندووە، "تیمی لێکۆڵینەوەی دەستەکەمان لە واست توانیویانە فەرمانی دەستگیرکردنی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی لە واست و دوو ئەفسەر و ئەندامێکی هەمان بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێ بکەن، بە تۆمەتی کەمتەرخەمی و سەرپێچی کردنیان، کە بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوەی هایپەرمارکێتەکەی کوت."
بەگوێرەی دەستەکە، "سێ کارمەندیش لە شارەوانیی کوت دەستگیرکراون، کە تۆمەتبارن بە زێدەڕۆیی زەوی ئەو ناوچەیەی کە ئاگرەکەی لێ کەوتووەتەوە."
سەلام عجێلی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای واست بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "رۆژی دووشەممە، لە ئەنجوومەنی پارێزگا لێپرسینەوە لە پارێزگار و لیژنە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکانی پارێزگاکەمان دەکەین."
"هەرکەسێک کەمتەرخەم بووبێت و کردارە چەوتەکانی بووبێتە هۆکار لەو ئاگرە، جا چ بە راستەوخۆ بێت یان ناڕاستەوخۆ، ئەوا بەدڵنیاییەوە سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین و دەیدەینە دادگە."
هەر ئەمڕۆ، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی بەرایی لێکۆڵینەوەکانی لەبارەی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی شاری کوت ئاشکرا کرد، کە لەو چوارچێوەیەدا 17 فەرمانبەر و بەرپرس بە تۆمەتی کەمتەرخەمی لە کارەکانیان دوورخرانەوە، سێ ئەفسەریش دەستگیر کران.
میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، ئەمڕۆ شەممە 19ی تەممووزی 2025 رایگەیاند، "لیژنەی باڵای لێکۆڵینەوە کە بە فەرمانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی ناوخۆ پێکهێندراوە، دوای کۆکردنەوەی زانیاری و بەڵگە و بەراوردکردنیان لەگەڵ گوتەی شایەتحاڵ و بەرپرسان گەیشتە چەند ئەنجامێکی سەرەتایی."
درەنگی شەوی چوارشەممەی هەفتەی رابردوو، ئاگر لە هایپەرمارکێتێکی شاری کووتی ناوەندی پارێزگای واست کەوتەوە، کە بەهۆیەوە 63 کەس گیانیان لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ