رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایدەگەیێنێت مووچە لە بەرنامەی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران نییە، بەڵام رەنگە لە کۆتایی کۆبوونەوەکە باس بکرێت. شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدان لەبارەی مووچە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆدەبنەوە. بڕیاریدەدەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی لیژنە وەزارییەکە راپۆرت و راسپاردەی خۆیان لەبارەی نەوت و مووچەوە دەدەنە سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لەسەر ئەو بنەمایە بڕیار لە ناردنی مووچە دەدرێت.
سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە، تائێستا پرسی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی کاری کۆبوونەوەکەدا نییە، بەڵام رەنگە لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا ئەو بابەتە باس بکرێت.
شوان کەلاری، بڕیاریدەدەری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەرچەندە مووچە لە بەرنامەی کاری ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران نییە، بەڵام پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، لیژنە وەزارییەکە کە لە شەش وەزیر پێکهاتوون، تاوتوێی دەرئەنجامی گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان هەولێر و بەغدا و راپۆرتەکان دەکەن، کە لەبارەی نەوت و داهاتی نانەوتی بەدەستیان گەیشتووە، لەسەر ئەو بنەمایە راپۆرت و راسپاردەی خۆیان دەدەنە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، تاوەکو لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیار لەبارەی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدرێت.
بڕیاریدەدەری فراکسیۆنی پارتی گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لە ناردنی مووچە بدات".
بەگوتەی شوان کەلاری، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە نەوت رادەست بکات، بەڵام ئێستا ناتوانێت ئەو بڕە رادەست بکات، رێککەوتنی لەسەر کراوە کە رۆژانە 230 هەزار بەرمیلە.
بڕیاردەری فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەکرد، کێشە لە مووچەی مانگی شەش نییە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی رادەست بکات.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان شەوی 18-8-2025 گەیشتە بەغدا، شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 10ی بەیانیی رۆژی سێشەممە گفتوگۆ و دانوستاندنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکانی عێراق دەستپێدەکات، تاوەکو پێش کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بگەنە رێککەوتنی کۆتایی و لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری پێویست لەبارەی مووچە بدرێت.
لیژنە هاوبەشەکە 6 وەزیرن، دوو کورد (بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و خالید شوانی، وەزیری داد)، دوو شیعە ( نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی) و دوو سوننە ( محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان سەرۆکی لیژنە و خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی).
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، رۆژی دووشەممە 18ی ئابی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیاکەمان هەموو ئامادەکارییەکی تەکنیکی بۆ وەرگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوکردووە، بۆری و وێستگەکان هەمووی ئامادەن؛ بەڵام تائێستا هەرێمی کوردستان نەوتی رادەست نەکردووە".
سەرچاوەیەکەی کۆمپانیای نەوتی باکوور ئاماژەی بەوەکرد، لە تورکیاش کێشە نییە، هێشتا رێککەوتنی عێراق و تورکیا لەبارەی بۆری نەوت ساڵێکی ماوە، ئەگەر نەوتەکەش ئێستا نەفرۆشێت، ئەوا دەتوانرێت لە بەندەری جەیهانی تورکی کۆگابکرێت.
بەرپرسێکی باڵا لە حکومەتی عێراق، بە هەڵکەوت عەزیز بەرێوەبەری نوسینگەی رووداوی لە بەغدا گوت، گرفتێک دروست بووە، هێشتا هەرێمی کوردستان نەوتی رادەست نەکردووە. وەزارەتی نەوت و سۆمۆش گوتویانە لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی کوردستان کۆبوونەتەوە، کۆمپانیاکان داوای رێککەوتنی فەرمی دەکەن بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوت، بەغداش پێیگوتون، "ئێوە ریککەوتنتان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، پێویست ناکات ئێمەش ریککەوتنتان لەگەڵ بکەین، نەوت دەربهێنن و پارەی خۆتان وەربگرن"، لەسەر ئەمە نەگەیشتوونەتە ئەنجام، بۆیە دیار نییە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران چۆن بڕیار دەدەن.
سەبارەت بەو 120 ملیار دینارەش کە دەبێت هەولێر بیداتە بەغدا وەکو داهاتی نانەوتی بۆ مانگی شەش، بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "هەرکات بەغدا بڕیاری دا مووچە بنێرێ، ئێمەش یەکسەر پارەکە دەخەینە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ