رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێ، کۆبوونەوەی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا "زۆر ئەرێنی" بوو و پێشڤەچوونی گەورە لە دۆسیەی نەوتدا بەدیهاتووە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "تەنیا هەندێک داواکاریی سادە ماون بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە."
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رۆژی سێشەممە، لەبارەی کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا، لەکاتی بەشداریکردن لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 16:00ی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، کەشی کۆبوونەوەکە "زۆر ئەرێنی" بوو و بۆچوونەکانی هەردوولا هاوتا بوون.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت شەوی رابردوو 18-8-2025 بۆ کۆبوونەوە گەیشتە بەغدا.
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوەستە لەسەر ئەو هەنگاوانە کرا کە لە سێ دۆسیەی سەرەکیی نێوان هەولێر و بەغدا نراون (بەرهەمهێنان و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، داهاتی نانەوتی و پرسی بەجێکردنی مووچەی فەرمانبەران).
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی: "پێشڤەچوونی گەورە بەدەستهاتووە و هەڵوێستەکان نزیک دەبنەوە لەوەی ئەو دۆسیەیە بە تەواوەتی یەکلایی بکرێتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە."
هینداوی ئاماژەی بەوەشکرد: "تەنیا هەندێک داواکاریی سادە ماون کە پێویستە لە ماوەیەکی کەمدا تەواو بکرێن، بۆ ئەوەی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە کە ئەوانیش پەیوەستن بە ئامادەیی کۆمپانیاکان و وردەکاریی دیکەی سادەوە."
لەبارەی دۆسیەی داهاتی نانەوتییەوە، عەبدولزەهرە هینداوی گوتی: "هەردوولا رێککەوتن کە پێویستە بەگوێرەی ئەو یاسا و بڕیار و رێنماییانە کاربکرێ کە بۆ رێکخستنی ئەو بوارە دەرچوون."
هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دواکەوتنی، بابەتێکی گرنگە و پێویستە چارەسەرێکی کۆتایی بۆ بدۆزرێتەوە.
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەوەشی خستەڕوو کە لیژنەی باڵای وەزارەی بە سەرۆکایەتیی محەممەد تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان، سەرجەم ئەو وردەکارییانەی پێیگەیشتووە، وەکو راسپاردە پێشکێشی ئەنجوومەنی وەزیرانی دەکات بۆ ئەوەی بکرێنە بڕیار.
لیژنەی هاوبەشی وەزاریی عێراق 6 وەزیرن؛ دوو کورد (بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و خالید شوانی، وەزیری داد)، دوو شیعە ( نەعیم عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی) و دوو سوننە ( محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان سەرۆکی لیژنە و خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی).
عەبدولزەهرە هینداوی گوتی: "محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیری پلاندانان سوورن لەسەر گەیشتن بە چارەسەرێکی راستەقینە بۆ هەر سێ دۆسیەکە، چونکە پەیوەندییان بە ژیان و بژێوی خەڵک و ئابووریی نیشتمانییەوە هەیە."
بۆ یەکلاییکردنەوەی وردەکارییەکان، بڕیارە کۆبوونەوەی دیکە لەنێوان نوێنەرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی (فەرمانگەی یاسایی وەزارەتەکانی دارایی و نەوت، دیوانی چاودێریی دارایی و ئەمینداریەتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیران) بکرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ