رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق تیروپشک بۆ ئەو کەسانە دەکات کە داواکارییان پێشکێش کردووە بۆ ئەوەى ببنە کارمەند لە رۆژی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان کە ژمارەیان 250 هەزار کارمەند دەبێت.
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، لە مانگى تشرینى یەکەم تیروپشک بۆ وەرگرتنى کارمەندانى دەنگدانى کۆمیسیۆن دەکەن کە ژمارەیان 250 هەزار کارمەندە و بەشێوەى گرێبەست وەردەگیرێن.
عیماد جەمیل گوتى: "بۆ هەر ناوەندێکى دەنگدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان، پێنج کارمەندمان دەوێت و بۆ هەر وێستگەیەکیش کارمەندێک بەڕێوەبەرى دەبێت."
هەڵبژاردنى ئەنجوومەنی پارێزگاکانى عێراق لە 18ى کانوونى یەکەمى 2023 لە 15 پارێزگا دەکرێت.
سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق ئاشکرایکرد، بڕیاریان داوە رێگە نەدەن بە کارمەندێکى دەنگدان لە ناوەندێک بێت کە خزمێکى پلەیەکى ئەو سنوورە بەربژێر بێت.
38 هاوپەیمانێتى و 28 پارت بەشدارى لەو هەڵبژاردنەدا دەکەن، 70 بەربژێرى سەربەخۆ و 5925 بەربژێرى دیکە لەنێو لیستى هاوپەیمانێتى و پارتەکاندا خۆیان بەربژێر کردووە.
عیماد جەمیل رایگەیاند، لە کۆتایى مانگى ئەیلوول ناوى بەربژێرانى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان دەنێردرێن بۆ لایەنە پەیوەندارەکان بەمەبەستى وردبینیی لە دۆسیەکانیان. دواى ئەوە بانگەشەى هەڵبژاردن دەستپێدەکات.
یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەعێراق بکرێت، یەکەمجاریشه لەدواى 18 ساڵ هەمان هەڵبژاردن لە کەرکووک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ