رووداو دیجیتاڵ
بە درۆن و مووشەک هێرشکرایە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە ئەنبار کە هێزێکی سەربازیی ئەمریکای تێدا جێگیرکراوە.
"مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە خۆی وەکو گرووپێکی چەکداریی عێراقی دەناسێنێت رایگەیاند، ئەمشەو بە ژمارەیەک مووشەک بنکەی سەربازیی عەین ئەسەدیان لە پارێزگای ئەنبار کردووەتە ئامانج و ئامانجەکانیان راستەوخۆ و بە وردی پێکاوە، سەرچاوەیەکی ئەمنیش هەواڵە هێرشکردنە سەر بنکەکەی پشتڕاستکردووەتەوە.
شەوی پێنجشەممە، 19-10-2023، سەرچاوەیەکی ئەمنی بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، بە درۆن و مووشەک هێرشکراوەتە سەر بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە عێراق و دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە نێو بنکەکە بیستراوە.
گرووپی چەکداریی "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" کە هێشتا پێکهاتە و سەرکردەکانی ئاشکرانەکردووە و لە دوای شەڕی نێوان بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی و ئیسرائیلەوە دەرکەوتووە لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ بنکەی عەین ئەسەدی "داگیرکاریی" ئەمریکایان بە ژمارەیەک مووشەک کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئامانجەکانیان بە"وردی و راستەوخۆ" پێکاوە."
دوێنێ چوارشەممەش 18-10-2023 بە دوو درۆن هێرش کرایە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد و سەرچاوەیەک لە هێزە ئەمریکییەکە رایگەیاند "توانیمان بەرپەرچی درۆنەکان بدەینەوە."
ژمارەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بە نزیکەی 2500 سەرباز مەزەندە دەکرێت، کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد، کەمپی ڤیکتۆری و بنکەی ئاسمانیی هەریر جێگیر کراون.
لە مانگی تەممووزی 2021 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021 هێزی شەڕکەری ئەمریکی لە عێراق دەکشێنەوە، تەنها هێزێکی سەربازی لە رۆڵی راوێژکاری و هاریکاری دەمێننەوە. ئەرکی ئەمریکا لە 9ی کانوونی دووەمی 2021 بە فەرمی کۆتاییهات و ئێستا زیاتر ئەرکیان راوێژکارییە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ