رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان، ئەمڕۆ یەکشەممە رایگەیاند، ژمارەیەک کەسیان بە تۆمەتی کڕینی کارتی دەنگدان و دڕاندنی وێنەی بەربژێرەکان دەستگیرکردووە. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەخت دەکاتەوە، هیچ کەسێک ناتوانێ بە کارتی کەسێکی دیکە دەنگ بدات.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی لیژنەکە، لە چوارچێوەی ئەو ئەرکانەی خراونەتە سەر شانی هێزە ئەمنییەکان بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەلامەتیی پرۆسەی هەڵبژاردن و جێبەجێکردنی رێنماییەکانی لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان، هێزەکانی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و پێکهاتە ئەمنییەکانی دیکە، لە چەند رۆژی رابردوودا چاودێریی مەیدانیی چڕیان کردووە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە بووەتە هۆی دەستگیرکردنی ژمارەیەک کەس کە تێوەگلاون لە سەرپێچیی هەڵبژاردن، لەوانە کڕینی کارتی دەنگدان و دڕاندنی وێنەی بەربژێرەکان لە چەند ناوچەیەک؛ "ئەم کردەوانە سەرپێچین و بەپێی یاسا سزایان لەسەرە، هەروەها هەوڵێکن بۆ تێکدانی کەشی رکابەریی دیموکراسی و بە شێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ژینگەی ئەمنیی هەڵبژاردن دەبێت."
لیژنەی باڵای ئەمنیی هەڵبژاردنەکان جەخت لەوە دەکاتەوە، رێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران گیراوەتەبەر و هەوڵە هەواڵگری و مەیدانییەکان بەردەوامن لە چاودێریکردن و بەدواداچوونی هەر چالاکییەک یان کردەوەیەکی نایاسایی کە ئامانجی زیانگەیاندن بێت بە پرۆسەی هەڵبژاردن، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیر و پێشوەختەدایە بۆ دڵنیابوون لە پابەندبوون بە رێنمایی و یاساکان.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 19-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "زیاتر لە 40 کەس لەسەر کڕین و فرۆشتنی کارتی دەنگدان دەستگیرکراون".
سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی جەختی لەوەکردەوە، "هیچ کەسێک ناتوانێت بە کارتی کەسێکی دیکە دەنگ بدات. تەنیا خاوەنی کارتەکە دەتوانێت بەکاریبهێنێت و دوای بەکارهێنانیشی بۆ ماوەی 72 کاژێر لەکار دەکەوێت".
هەروەها دووپاتیکردەوە: "کۆمیسیۆن و دەسەڵاتی دادوەری لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەکەن و هەر کەسێک ئەو تاوانە بکات، لە هەڵبژاردن دوور دەخرێتەوە. رەنگە ئامانج لە کۆکردنەوەی کارتی دەنگدەران، دابینکردنی هۆکاری گواستنەوە بێت بۆیان لە رۆژی دەنگداندا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ