رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە لیستێکی نوێوە، هاتووەتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و دەیەوێ بەری چوار ساڵی هەوڵ و پرۆژەکانی بچنێتەوە. شارەزایەکی کاروباری عێراق پێشبینی دەکات، لیستەکەی سوودانی لە نێوان 50 بۆ 70 کورسی بەدەستبهێنێت.
لیستەکەی سوودانی بە ناوی (ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانە)، لە 446 بەربژێری 12 بازنەی هەڵبژاردن، کێبڕکێ لەسەر 240 کورسی دەکات، کە گەورەترینیان بەغدایە و بە 139 بەربژێر کێبڕکێ لەسەر 71 کورسییەکەی ئەو بازنەیە دەکات.
کێبڕکێی نێوان سوودانی، مالیکی و حەلبووسی لە بەغدا
بازنەی بەغدا لە ململانێیەکی تووند دایە، لەنێوان بایکۆتی لایەنگرانی موقتەدا سەدر و کێبڕکێی تووندی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمان و سەرۆکی پارتی تەقەدووم، کە هەرسێکیان سەرلیستن.
ئەو بازنەیەی هەڵبژاردن، لە هەڵبژاردنی رابروودا لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان کەمترین رێژەی بەشداری هەبوو، کە 33٪ بوو، بەڵام شارەزایانی هەڵبژاردن لەو باوەڕەدان بەهۆی کێبڕکێی نێوان ئەو سێ سەرلیستە رێژەی بەشداری لە بەغدا زیاتر دەبێت لە هەڵبژاردنی رابردوو.
ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگەی کوردی بۆ هەڵبژاردن بە رووداوی رایگەیاند، کێبڕکێی نێوان نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و محەممەد حەلبووسی لە بازنەی بەغدا، کاریگەریی لەسەر زیادبوونی رێژەی بەشداری لەو بازنەیەدا دەبێت.
لە دوایین هەڵبژاردندا کە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بوو لە 2023دا، کێبڕکێ تووندەکەی بازنەی بەغدا لە نێوان مالیکی و حەلبووسی بوو، کە یەکەمیان 9 کورسی و دووەمیان هەشت کورسی بەدەستهێنا.
سوودانی ئەزموونی عەبادیی دووبارە نەکردەوە
حەیدەر عەبادی، لە 2014 تاوەکو 2018 سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو، لە ماوەی سەرۆکایەتیی ئەودا داعش سێیەکی خاکی عێراقی بە دەستەوە بوو، بەڵام سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بە هاوکاری هاوپەیمانان و پێشمەرگە توانی لە ئۆکتۆبەری 2017 سەرکەوتن بەسەر داعش رابگەیێنێت.
عەبادی ویستی ئەو دەستکەوتە بقۆزێتەوە و هاوپەیمانییەکی بە ناوی (نەسر) بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پێکهێنا، جگە لە شارە شیعەنشینەکان، لە ناوچە سوننەنشینەکان و پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانیش بەربژێری هەبوو، بەڵام سەرکەوتن بەسەر داعشدا، دادی عەبادی نەدا و هاوپەیمانییەکەی بە 42 کورسی، پلەی سێیەمی بە دەستهێنا و نەیتوانی ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق.
سوودانی بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیچ بەربژێرێکی لە بازنەکانی هەرێمی کوردستان نییە، ئەمەش رەنگە نەیویستبێت هەمان ئەزموونی عەبادی دووبارە بکاتەوە، جگە لەوەش سوودانی لە ماوەی سەرۆکایەتییەکەی نەک هیچ پرۆژەیەکی ئاوەدانکردنەوە و ژێرخانی بۆ هەرێمی کوردستان نەبووە، بگرە جگە لە پارەی مووچە (ئەویش بە دانوستاندن) پارەی بودجەی بەکارخستنی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
سوودانی چاوی لە دەنگی شیعەکانە
لەو 12 بازنە یان ئەو پارێزگایەی کە سوودانی لیستی هەیە، 10یان شیعەنشینن. سوودانی تەنیا لە نەینەوا و سەلاحەدین، کە دوو پارێزگای سوننەنشینن بەربژێری هەیە.
لە کۆی 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق، سوودانی بۆ 240 کورسییان بەربژێری هەیە. لە بەسرە 50 بەربژێری بۆ 25 کورسییەکەی ئەو پارێزگایە هەیە. لە دیوانییە 22 بەربژێری بۆ 11 کورسی هەیە، لە موسەننا 14 بەربژێری بۆ 7 کورسی هەیە، لە نەجەف 24 بەربژێری بۆ 12 کورسی هەیە، لە بابل 34 بەربژێری بۆ 17 کورسی هەیە، لە بەغدا 138 بەربژێری بۆ 71 کورسی هەیە، لە زیقار 38 بەربژێری بۆ 17 کورسی هەیە، لە کەربەلا 22 بەربژێری بۆ 11 کورسی هەیە، لە میسان 20 بەربژێری بۆ 10 کورسی هەیە. لە واست 22 بەربژێری بۆ 11 کورسی هەیە.
لە دوو پارێزگا زۆرینە سوننەکەش، لە بازنەی نەینەوا 62 بەربژێری بۆ 34 کورسی هەیە و لە سەلاحەدین، 24 بەربژێری بۆ 12 کورسی هەیە. بەڵام لە سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان و پارێزگا سوننەنشینەکانی وەک دیالە، کەرکووک و ئەنبار لیستی نییە.
سوودانی کێی لەگەڵە؟
هاوپەیمانییەکەی سوودانی لە کۆمەڵێک حیزب و رەوت پێکدێت، لەوانە رەوتی فوراتەین، کە خۆی خاوەنییەتی، هاوپەیمانیی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی ئەیاد عەلاوی، بزووتنەوەی عەتا بە سەرۆکایەتیی فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی گشتیی حەشدی شەعبی، بزووتنەوەی ئیرادە بە سەرۆکایەتیی حەنان فەتلاوی، ئیبداع کەربەلا بە سەرۆکایەتیی نسەیف جاسم خەتابی، پارێزگاری کەربەلا و بیلاد سۆمەر، بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد ئەسەدی، کە ئێستا وەزیری کار و کاروباریی کۆمەڵایەتییە.
سوودانی لە هەڵبژاردنی رابردوودا بە لیستی فوراتەین بەشداری کرد و لە سەرجەم بازنەکانی هەڵبژاردندا 23 بەربژێری هەبوو، کە خۆی یەکێکیان بوو، بەڵام تەنیا خۆی دەرچوو، کە 5333 دەنگی بەدەستهێنا، بەڵام دوای کشانەوەی پەرلەمانتارانی رەوتی سەدر، یەکێکی دیکە لە بەربژێرانی دەرنەچووی سەرکەوت بۆ پەرلەمان.
سوودانی لە تەممووزی ئەمساڵ فراکسیۆنێکی پەرلەمانی بەناوی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان راگەیاند، کە زیاتر لە 50 پەرلەمانتار لەخۆدەگرێت.
دەنگەکانی موقتەدا سەدر چی بەسەر دێت؟
موقتەدا سەدر، کە لە هەڵبژاردنی رابردوو زیاتر 880 دەنگی هێنا، 73 کورسی پەرلەمانی بردەوە، تەنیا لە بازنەی بەغدا 26 کورسی بەدەستهێنا، بەڵام لە پەرلەمان کشایەوە و کورسییەکانی بەسەر لایەنەکانی دیکە دابەشکران.
هەرچەندە موقتەدا سەدر بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنەی کردووە، بەڵام گومان دەکرێت سوپرایزی بۆ ئەم هەڵبژاردنە هەبێت.
یاسین تەها، شرۆڤەکاری سیاسی و شارەزای کاروباری عێراق، بە رووداوی گوت: "بابەتی سەدر تائێستا روون نییە، خەڵک لەسەر بەشداری لە هەڵبژاردن لە رەوتەکە دوورخراوەتەوە، بانگەشەی بایکۆتیش دەکەن. رەنگە لە رۆژی هەڵبژاردن خۆپێشاندان بکەن، بەڵام رەنگیشە لە پڕ بەر لە هەڵبژاردن بڵێن دەنگ بە فلان لایەن بدەن، بۆیە ئەمە وەکو سوپرایزێک هێشتراوەتەوە."
سۆران عومەر، پەرلەمانتاری خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەرچەندە رەوتی سەدر بایکۆتی هەڵبژاردنی کردووە، بەڵام لەو باوەڕەدایە لایەنگرانی سەدر لە ژێرەوە دەنگ بە سوودانی بدەن.
سۆران عومەر پێیوایە لابردنی مەرەکەبی هەڵبژاردنیش هەر پەیوەندیی بە بابەتی سەدرەوە هەیە و دەڵێت: "بۆ ئەوەی ئەگەر لایەنگرانی سەدر، کە دەنگیان دا بەهۆی مەرەبەکەوە نەناسرێنەوە و تووشی هەڵوێستی ناخۆش بەرامبەر رەوتەکەیان نەبن."
سوودانی: یەکەم دەبم
لە حەوتەمین کۆنفرانسی ساڵانەی دەستپێشخەریی عێراق، سیاسەتڤان، کە سەرەتای ئەم مانگە لە چەتەم هاوسی لەندەن بەڕێوەچوو. سوودانی گوتی: "پێشبینی دەکەین زۆرترین کورسی بەدەستبهێنین ئەوەش بۆ متمانەی خەڵک دەگەڕێتەوە لەڕێگەی پێشکێشکردنی خزمەتگوازییەکان." گوتیشی: "هاوپەیمانییەتەکەمان جێگەی خۆی لەنێو خەڵکدا کردووەتەوە، بۆیە چاوم لەوەیە حکومەتی داهاتوو پێکبهێنم تاوەکو بتوانم درێژە بە بەرنامە ئابووری و خزمەتگوزارییەکان بدەم".
"سوودانی لە نێوان 50 بۆ 70 کورسی بەدەست دەهێنێت"
زۆربەی شرۆڤەکاران جەخت لەوە دەکەنەوە، کە سوودانی لەم هەڵبژاردنەدا زۆرترین دەنگ بەدەستدەهێنێت، بە تایبەتی کە دروشمی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدانی بەرزکردووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بەشێک لە ناوچەکانی عێراق هێشتا خزمەتگوزارییان پێنەگەیشتووە.
یاسین تەها پێیوایە پرۆژەکانی سوودانی، کە هەندێکیان بەرچاون "کاریگەریی لەسەر دەنگەکانی دەبێت." تێکەڵەی لیستەکەشی، کە لە گرووپە چەکدارەکان و شیعەی لیبراڵ و شیعەی نەریتی، خەڵکی مەدەنی و عەشایەری تێدایە، کاریگەری خۆی هەیە، بۆیە ئەو شرۆڤەکارە پێشبینی دەکات: "سوودانی لە نێوان 50 بۆ 70 کورسی بهێنێت."
جگە لە پرۆژە، سوودانی پشتئەستوورە بە مووچەخۆران، سۆران عومەر دەڵێت: "تەنیا لە سەردەمی کابینەکەی سوودانی، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس لە عێراق دامەزراون. ئەمەش کاریگەری لەسەر دەنگەکانی دەبێت و بێگومان یەکەم دەبێت."
"سوودانی لە سەرەوە دادەنیشێت"
دوای کشانەوەی رەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی، بەرەی مقاوەمە وەکو براوەی هەڵبژاردنی رابردوو دەرکەوت، هەر زوو چوارچێوەی هاوئاهەنگیان پێکهێنا، هەر ئەو چوارچێوەیە کە سوودانی و گرووپەکانی بەرەی مقاوەمەی تێدایە، ئەم حکومەتە ئاراستە دەکەن.
سەبارەت بە چارەنووسی بەرەی مقاوەمەی شیعەکان لەو هەڵبژاردنەدا یاسین تەها دەڵێت: "هەموو لایەک بەشی خۆیان دەنگدەریان هەیە، ئەوانیش مووچەخۆریان هەیە، شەهیدانەیان بۆ خەڵک بڕیوەتەوە، لە رێگەی دامودەزگاکانی حکومەتەوە کاریان بۆ خەڵک کردووە، وەزارەتیان بەدەستەوەیە، سوپرایزی هەڵبژاردن نابن، چونکە لەم هەڵبژاردنەدا گوتاریان پاشەکشەی کردووە، بەڵام دەنگ دەهێنن."
فەرهاد عەلائەدین، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق پێیوایە هێشتا زووە بۆ پێشبینی براوەی هەڵبژاردن، بەڵام دەڵێت: "کاتێک تەپوتۆزەکە دەنیشێتەوە، پێنج یان شەش سەرکردە لە کوتلە شیعییەکان، جا لەژێر ناوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بێت یان هەر ناوێکی دیکە، لە ژوورێکدا دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن. بێگومان محەممەد شیاع سوودانی، وەکو خاوەنی زۆرترین دەنگ، لە سەرووی مێزەکەوە دادەنیشێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ