رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی ئێف15ی ئەمریکی لەلایەن ئێرانەوە و کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە بەسرە، ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی پارێزگاکە رژاونەتە سەر شەقام و بەدوای فڕۆکەوانەکەدا دەگەڕێن. سەرچاوەیەکی ئەمنیش لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دەڵێت، هەواڵەکە ناڕاستە و ئەوەی بینراوە ''ماتۆڕسکیل بووە''
رۆژی هەینی، 6ی ئاداری 2026، سەرچاوەیەکی باڵای لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەنگۆی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە لە پارێزگای بەسرە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ حاڵەتێکی لەوشێوەیە تۆمارنەکراوە.
چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە کە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی بەسرە بە گوتنەوەی هوتافی جیاواز، رژاونەتە سەر شەقام و دەشتاییەکانی پارێزگاکە و دەڵێن کە بە دوای فڕۆکەوانی فڕۆکە تێکشکاوەکەدا دەگەڕێن.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ''هەموو ئەو هاووڵاتییانەی کە بە شەقامەکانی بەسرەدا دەگەڕێن دوای دەنگۆیەکی ناڕاست کەوتوون.''
ئەو بەرپرسەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەڵێت، ئەوەی کە بینراوە و وایانزانیوە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە بووە، ''لایتی ماتۆڕسکیلێک بووە لە یەکێک لە دەشتاییەکانی بەسرە."
هەریەکە لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی بەسرە و فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە راگەیێندراو رەتیانکردەوە کە رووداوی لەوشێوەیە روویدابێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ