رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى نەوتى عێراق بەکارهێنانى نەوتى رەش لە کارگەکانى دروستکردنى خشت قەدەخە دەکات و لەبرى ئەوە دەبێت گازى شل بەکاربهێنن، ئەو بڕیارەش بۆ رێگریکردنە لە بەهەدەردانی گاز.
حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوتى عێراق بە میدیایى فەرمى عێراقى رایگەیاندووە کە وەزارەتەکەى کارگەکانى دروستکردنى خشتى پەیوەست کردووە بە بەکارهێنانى گازى شل لەبرى نەوتى رەش.
حەیان عەبدولغەنى ئاماژەى بەوەداوە کە "ئامانج لەو هەنگاوەى وەزارەتى نەوت کەمکردنەوەى دەر دەرە کاربۆنییەکان و رێگرییە لە پیسبوونى ژینگە و گازى شلى پێویست بە نرخى پاڵپشتیکراو بۆ ئەو کارگانە دابین کراوە."
بەگوێرەى ئامارەکانى وەزارەتى پیشەسازیی عێراق نزیکەى 170 کارگەى خشت لە عێراق هەن کە بەرهەمى ساڵانەیان دەگاتە 15 ملیۆن خشت.
19ـى تشرینى دووەمى 2023، عەلى سەعدوون لامى، ئەندامى لیژنەى نەوت و گازى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەو هەنگاوەى وەزارەتى نەوت بۆ رێگرییە لە پیسبوونى ژینگە، ئەوە جگە لەوەى کە بەکارهێنانى گازى شل بۆ کارگەکانى خشت کوالێتییەکەشى باشتر دەکات.
عەلى سەعدون لامى گوتیشى، "بڕیارەکە بەو ئاراستەیەیە کە سەرجەم کارگەکانى خشت لە عێراق بکرێنە دۆستی ژینگە لە رێگەى بەکارهێنانى گازى شلەوە کە بەشی پێویست بۆ ئەو هەنگاوە هەیە، بەڵام کارگە کۆنەکان کە سیستمەکەیان نەگۆڕیوە بۆ گازى شل، دوو بۆ سێ ساڵیان پێویستە بۆ گۆڕینى."
وەزارەتى نەوتى عێراق یەک لیتر گازى شل بۆ وێستگەکانى دابەشکردنى سووتەمەنى بە کەمتر لە 200 دینار دەدات کە بۆ ئۆتۆمبێل بەکار دەهێندرێت، بەگوێرەى ئامارەکانى ئەو وەزارەتە بەرهەمى رۆژانەى گازى شل لە عێراق شەش ملیۆن تۆنە.
ئەو هەنگاوەى وەزارەتى نەوتى عێراق لەدواى ئەوەدێت کە لە 20ـى ئابى 2023 ـەوە وەزارەتى ژینگەى عێراق رایگەیاند، دەستکراوە بە جێبەجێکردنى هەنگاوەکانى ستراتیژیی نیشتمانى بۆ بەرەنگاربوونەوەى پیسبوونى ژینگە کە تاوەکو ساڵى 2028 بەردەوام دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ