رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵی دەقی بڕیارەکەی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانتاریی محەممەد حەلبووسی بڵاوکردەوە، بڕیارەکە لە 16 لاپەڕە پێکدێت، جگە لەوەی بە "ساختەکاری، شێواندن و گۆڕین، شکاندنی سوێندی یاسایی" تۆمەتباری دەکات، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات لەلایەن پەرلەمانتار باسم خەشان بە گرێبەستکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسرائیلی تۆمەتبار کراوە کە دادگەکە دەڵێت "دەکرێت ئەوە سکاڵایەکی تایبەت بێت."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تشرینی دووەمی 2023، دوای پێنج رۆژ لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی بە دوورخستنەوەی محەممەد حەلبووسی، کە بەپێی بڕیارەکە لە ئەندامێتی و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە؛ دادگەکە دەقی بڕیاری لێسەندنەوەی ئەندامێتیی لە حەلبووسی کە لەسەر سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراقی بوو، بڵاوکردەوە.
دادگەی باڵای فیدراڵی باسی ئەوە دەکات کە محەممەد حەلبووسی لەژێر گوشاردا کاخەزی سپیی بە پەرلەمانتارانی حیزبەکەی پڕکردووەتەوە کە بریتییە لە نامەی دەستلەکارکێشانەوە و هەر کاتێک بیەوێت پێشکێشی دەکات. دەشڵێت، پەرلەمانتار باسم خەشان، حەلبووسی تۆمەتبارکردووە بەوەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی لۆبیی ئیسرائیلی گرێبەستی کردووە و ئەوەشی بە "پێشێلکردنی سەرەوەریی عێراق" وەسفکردووە و دەڵێت: "داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی حەلبووسی کردووە، ئەوەش وەکو دادگە ئاماژەی بۆ کردووە دەکرێت سکاڵایەکی سەربەخۆ بێت."
دادگەکە روونیکردووەتەوە: "رۆژی 15-1-2023، لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان رایگەیاند، محەممەد حەلبووسی فەرمانی دیوانیی دەرکرد کە تایبەت بوو بە دەستلەکارکێشانەوەی لە ئەندامێتیی پەرلەمان، بەڵام ئەو دەستلەکارکێشانەوەیە لەژێر گوشاردا و لە کۆتایی خولی چوارەمی پەرلەمان لێی وەرگیراوە نەوەک خولی پێنجەم، وەکو چۆن لە ئەندامانی دیکەش وەگیراوە و کاخەزی سپییان بەناوی دەستلەکارکێشانەوە پێ واژۆ کراوە و هەر کاتێک هەر ئەندامێک بیانەوێت دەستلەکارکێشانەوەکەی پێشکێشدەکەن و لە پەرلەمان دەریدەکەن."
دادگەی فیدراڵی کورتەی بەڵگەکانی لەبارەی بڕیاردان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە چوار خاڵدا کورتکردووەتەوە کە ئەمانەن:
یەکەم: ناچارکردنی بەربژێران لەلایەن سەرۆکی حیزبەوە بۆ پێشکێشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکانیان و بەکارهێنانی هەرکاتێک بیەوێت، پێچەوانەی پڕەنسیپ و بەها دەستوورییەکان و حوکمی مادەکانی "5، 6، 14، 16، 17، 20، 39 و 50"ـی دەستووری عێراقە و لادانێکی گەورەیە لە پڕۆسەی دیموکراسی لە رێڕەوی راستی خۆی کە زۆرینەی پەرلەمانەکانی وڵاتانی جیهان بەخۆوە نەبینیوە، بەهیچ شێوەیەکیش نابێت ئیرادەی گەل کە خۆی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەبینێتەوە، لە کەسایەتیی سەرۆکی پەرلەمان بچووک بکرێتەوە.
دووەم: دادگەی باڵای فیدراڵی بەپێی یاسا دەتوانێت کۆتایی بە ئەندامێتی پەرلەمانتار بهێنێت، ئەگەر ئەو ئەندامە پێشێلکاری لە پابەندبوونە دەستووری و یاساییەکانی بەپێی حوکمەکانی دەستوور و یاسا کرد، بەتایبەت یاسای ئەنجوومەنی نوێنەران و پێکهاتەکانی، لەسەرووی ئەوانەشەوە لادان لەو سوێندە یاساییەی خواردووەیەتی، دادگەی باڵای فیدراڵیش دەسەڵاتێکی هەڵسەنگاندنی رەهای هەیە کە هەڵسەنگاندنی ئەوە بەپێی رووداو و بەڵگەنامە و لێکۆڵینەوەکانی کە دەیانکات.
سێیەم: تایبەتمەندیی دادگەی باڵای فیدراڵی ئەوەیە، تاوتوێی ئەو تانانە بکات کە پەیوەندییان بە دروستیی ئەندامێتیی ئەندامان و ئەو حوکمانەی لەوبارەیەوە دەرچووە هەیە و دەبێتە سەرچاوەیەک بۆ کۆتایی پێهێنانی ئەندامێتی؛ نەوەک ئاشکرای بکات بە پێچەوانەی تایبەتمەندێتییەکانی. ئەو کەسەی سکاڵای لەسەر کراوە؛ داواکاریی دەستلەکارکێشانەوەکانی بەناوی ئەو کەسانەوە پێشکێشکردووە دوای ئەوەی هەڵسا بە شێواندن، و گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە بەو پێیەی کە ببێتە هۆی کۆتاییهێنانی ئەندامێتی.
چوارەم: نابێت پەنا ببرێتە بەر حوکمەکانی مادەی 52ـی دەستوور لەکاتی سەلماندنی ئەوەی پەرلەمانتار پێشێلکاریی دەستووری و یاسایی کردبێت، بەتایبەت پێشێلکاری بەرامبەر بەو سوێندەی خواردوویەتی و لە مادەی 50ــی دەستوور هاتووە کە ناتوانێت لە ئەندامێتی پەرلەمان بەردەوام بێت، ئەوەش وادەکات بڕیاردان بە کۆتاییهێنان بە ئەندامێتییەکەی پێویست بێت.
رۆژی سێشەممە، 15-11-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان هەڵوەشاندەوە و رایگەیاند، "ئەمە بڕیاری کۆتاییە و پێویستە هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەند بن".
حیزبی تەقەدوم بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، دوای بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە کۆتاییهاتنی ئەندامێتیی محەممەد رێکان حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، کۆبووەوە و بڕیاری دا وەزیرەکانی لە حکومەت و پەرلەمانتارانیان لە پەرلەمان و سەرۆکایەتیی لیژنەکانی پەرلەمان دەستلەکاربکێشنەوە.
سەرکردایەتیی حیزبی تەقەدوم ئەم بڕیارانەیان دا:
1- بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
2- دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە حکومەتی فیدراڵی کە بریتین لە
- د. محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانان
- د. خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان
- د. ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار
3- دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان.
4- بایکۆتی سیاسیی ئەندامانی حیزب لە دانیشنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران.
محەممەد حەلبووسی کێیە؟
- ناوی محەممەد رێکان حەلبووسییە و سیاسەتڤانێکی سوننەیە
- لەساڵی 1982 لە قەزای گەرمە لە پارێزگای ئەنبار لەدایکبووە
- ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە لە فراکسیۆنی حەل، کە جەمال کەربوولی سەرۆکایەتی دەکرد.
- لە ساڵی 2014 تاوەکو 2017 پەرلەمانتار بوو.
- سەرۆکایەتی هاوپەیمانیی تەقەدوومی کردووە.
- 29-8-2017 تاوەکو 14-9-2018 پارێزگاری ئەنبار بووە
- 15-9-2018 بووە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
- 9-1-2022 بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرایەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ