رووداو دیجیتاڵ
هۆزی بەنی تەمیم، ناوی پێنج بەربژێری داوەتە هادی عامری، ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر تاوەکو یەکێکیان بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە دیاری بکات.
نزار لهێبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، ئەمڕۆ سێشەممە بە رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا کێشە لەسەر بەربژێری پارێزگاری دیالە هەیە. تاوەکو رێککەوتن لەسەر ئەو پۆستە نەکرێت، دانیشتنی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە ناکرێت".
بە گوتەی ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، هادی عامری بە هۆزی تەمیمی راگەیاندووە، چەند ناوێکی بۆ پێشنیاز بکەن تاوەکو ئەویش یەکێکیان دیاری بکات وەک بەربژێر بۆ بوون بە پارێزگاری دیالە.
هۆزەکە پێنج ناوی داوەتە هادی عامری و چاوەڕێ دەکرێت دوای تەواوبوونی پرسەی هاوەڵزاواکەی، عامری ئەو بابەتە یەکلایی بکاتەوە.
نزار لهێبی دەڵێت، "ناوی موسەننا تەمیمی پارێزگاری ئێستای دیالە لەنێو ئەو پێنج بەربژێرەدا نییە کە پێشکێشی هادی عامری کراون".
رۆژی 18ـى شوباتی 2024، سەبرى عامرى، هاوەڵزاواى هادى عامرى، ئەمیندارى گشتیى رێکخراوى بەدر لە ناوچەى راشدییەى باکوورى بەغدا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەى خۆی لەگەڵ کەسێکى دیکەدا کوژرا.
سەبارەت بە پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە، نزار لهێبی گوتی، "من و عومەر کروی سەرەکیترین بەربژێرین".
لە یەکەم دانیشینی ئەنجوومەنی پارێزگاری دیالەدا لهێبی 8 دەنگ و عومەر کروی 7 دەنگی هێنا، ئەوە لەکاتێکدایە براوە پێویستی بە 9 دەنگە؛ بۆیە وەک لهێبی دەڵێت، "دانیشتنەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە بە کراوەیی ماوەتەوە تاوەکو لەسەر کەسێک بۆ پارێزگار رێک دەکەون".
هادى عامرى یەکێکە لە سەرکردەکانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، جگە لەوەی سەرۆکى هاوپەیمانیى نەبنییە.
ئەنجوومەنی پارێزگاری دیالە لە 15 کورسی پێکهاتووە؛ هاوپەیمانیی دیالەی نیشتمانی (شیعە) 4 کورسی؛ هاوپەیمانیی تەقەدووم (سوننە) 3 کورسی؛ هاوپەیمانیی سەروەری (سوننە) 3 کورسی؛ ئیستحقاق دیالە (شیعە) 2 کورسی، هاوپەیمانیی عەزم (سوننە) 1 کورسی؛ هاوپەیمانیی ئەساسی عێراقی (شیعە) 1 کورسی و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان 1 کورسی.
بە کۆی گشتی شیعە 7 کورسی و سوننە 7 کورسی و کورد کورسییەکی ئەنجوومەنەکەیان هێناوە.
پۆستی پارێزگار بۆ لایەنە شیعەکانە، بەڵام تاوەکو ئێستا شیعەکان لە نێوخۆیاندا لەسەر بەربژێرێک بۆ ئەو پۆستە رێکنەکەوتوون، بەتایبەتی رێکخراوی بەدر و عەسائیبی ئەهلی حەق.
ناکۆکی نێوان بەدر و لایەنەکانی دیکەی شیعە لەسەر دانانەوەی موسەننا تەمیمی بە پارێزگار هەیە کە لە رێکخراوی بەدرە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ