پەرلەمانی عێراق دەیەوێت دەستەى کێشە موڵکدارییەکان هەڵبووەشێنێتەوە

20-04-2024
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانى عێراق چەند مادەیەکى پڕۆژەیاسایەک پەسند دەکات بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەستەى کێشە موڵکدارییەکان، لەکاتێکدا بەشێک لە کارەکانى دەستەکە، یەکلاکردنەوەى کێشەى موڵکدارییە لە ناوچە کوردستانییەکان.
 
پڕۆژەیاساکە لە حکومەتەوە نێردراوە بۆ پەرلەمان، دارا سێکانیانى، ئەندامى لیژنەى یاسایی پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت "دوو مادەى پەسند کراوە و لە قۆناخى دەنگدانى کۆتاییدایە."
 
دەستەکە لە ساڵى 2010 دامەزراوە و چوار ساڵ دواتر ئەو ماوەیە کۆتایی هاتووە کە بۆ کارکردنى دانراوە، ئەرکى یەکلاکردنەوەى ئەو کێشە موڵکداریانەیە کە بەهۆى بڕیارەکانى دەسەڵاتى حیزبى بەعس دروستبوون لەرێگەى دەستگرتن بەسەر موڵکى هاووڵاتییاندا.
 
دارا سێکانیانى گوتى "کەسانێک لە ناوچە کوردستانییەکان موڵکیان داگیرکراوە، ئەو دەستەیە دۆسیەکانیان یەکلادەکاتەوە."
 
دەستەکە لە دواى تەواوبوونى وادەکەى سکاڵاکان وەردەگرێت، بەڵام یەکلاییان ناکاتەوە، بە گوتەى ئەندامەکەى لیژنەى یاسایی پەرلەمان، ئەو پڕۆژەیەى حکومەت بۆ ئەوەیە؛ دەستەکە هەڵبوەشێندرێتەوە بە پاساوى ئەوەى، "بارگرانییە بۆ سەر گەنجینەی گشتى." 
 
پڕۆژەیاساکە لە ساڵى 2014ـەوە ئامادەکراوە، دەستەکە هەڵدەوەشێنێتەوە و تەنیا رێکارە یاساییەکانى یەکلاکردنەوەى کێشە موڵکدارییەکان دەهێڵێتەوە، ئەو دۆسیانەى پێشتر لە بەردەستى بوون، دەبرێنە بەردەم دادگەى دیکە.
 
فەهمى بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، دوو ساڵ لە مەوبەر هەوڵێکى دیکە هەبوو بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەستەکە بەڵام "سەرینەگرت." 
 
دەستەکە بۆ یەکلاکردنەوەى دۆسیەى موڵکدارییە، بەڵام فەهمی بورهان دەڵێت "تاوەکو ئێستا نەمبیستووە دۆسیەیەکى گەورەى موڵکدارى لە ناوچە کوردستانییەکان یەکلاکردبێتەوە."
 
هەموارەکە ئەو بڕیارانە بە کارا دادەنێت، کە پێشتر دەستەکە دەریکردوون، بە گوتەى دارا سێکانیانى وەک پەرلەمانتارانى کورد هەوڵدەدەن لە هەموارەکەدا دوو ساڵ تەمەنى ئەو دەستەیە درێژ بکرێتەوە، ساڵێک بۆ وەرگرتنى سکاڵاکان و ساڵێکیش بۆ یەکلاکردنەوەیان.
 
پەرلەمانتارانى شیعە، کە زۆرینەی پەرلەمانی عێراق پێکدەهێنن، پاڵپشتى هەڵوەشاندنەوەى دەستەکە دەکەن.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی بووک و زاوایەک.

هاوژینی و جیابوونەوە لە عێراق کەمیکردووە

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، لە تشرینی دووەمی 2025دا هاوژینی و جیابوونەوە بەراورد بە مانگی پێشتر کەمیکردووە. مانگی رابردوو زیاتر لە 26 هەزار گرێبەستی هاوژینی و 5 هەزار جیابوونەوە تۆمارکراون.