کۆمیسیۆن کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان دیاری دەکات

20-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، لیژنەیەکی تایبەت بە دیاریکردنی کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان پێکهێنرا و ئەمڕۆ دەستبەکار دەبن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ سێشەممە، لیژنەیەک بۆ دیاریکردنی کارمەندانی سندووقی دەنگدان پێکهێنراوە، کە ئەرکی سەرەتاییان دیاریکردنی ژمارەی ناوەندەکانی دەنگدانە، بۆ زانینی ژمارەی کارمەندانی پێویست بۆ سەر سندووقەکان."
 
جومانە غەلای گوتیشی، "بە ئەگەری زۆرەوە لە پێشینە بۆ دەرچووانی کۆلێژ و پەیمانگەکانە، بەتایبەتی ئەوانەی دانەمەزراون، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەوە نەدراوە و لەمڕۆوە هەنگاوەکان دەستپێدەکەن."
 
وەک گوتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەڵێت، لیژنەکە بە سەرۆکایەتی عەلی ساڵح، یاریدەدەری کارگێڕی فەرمانگەی هەڵبژاردنەکان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق و بە ئەندامێتی چەندین فەرمانبەری پسپۆڕە.
 
بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی 2025 دەکرێت.
 
تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، 29 ملیۆن هاووڵاتی لە عێراق و هەرێمى کوردستان مافى دەنگدانیان دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە